حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت کۆبوونەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ
کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی نێو پرۆسەی سیاسی عێراق و
پەیوەندی و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە بودجە و نەوت کرا،
تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرگری
لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان و
گەیشتن بە ڕێگەچارەی هاوبەش.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا نیازی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی
لێکرایەوە و خواستی حکوومەتی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی
هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو، بە جۆرێک کە
ئەم پرسە پێویستی بە ڕێگاچارەی هاوبەش و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو
لایەکە لەبارەی بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.
هاوکات لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئالنگاریانە کرا کە بەهۆی بارودۆخی
ئابووری دروستبوون، بە بایەخ و سوپاسەوە باس لە خۆڕاگری و پشودرێژی
کۆمپانیاکان کرا و ئاماژەش بەوەدرا بە پێکەوەیی مانەوە و کاری هاوبەش لەگەڵ
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیدان بە کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن،
هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان
بە پێویست زانرا لەپێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی
کوردستان کە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بووژاندنەوەی ئابووری هەرێمی
کوردستان و عێراق.
|