دادگا له بارهى ئهردۆغانهوه بڕیارێكى قورس دهدات
دادگای دەستوریی تورکیا چەند دەسەڵاتێکی فراوانی لەڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وەرگرتەوە، لەوانەش لەکارلابردنی پارێزگاری بانکی ناوەندیی بەر لەکۆتاییهاتنی ماوەی خولەکەی، ئەمەش لەئەنجامی سکاڵایەکی یاسایی کە لەلایەن پارتی گەلی کۆمارییەوە تۆمارکرابوو.
دادگای دەستوریی لەبڕیارەکەیدا کە دوێنی سێشەممە چوارى حوزەیران بڵاوکرایەوە، یاسای فەرمانی ژمارە 703 کە لە2ی تەمموزی 2018ی هەموارکردەوە، کە ئیمتیازو دەسەڵاتی بەرفراوان بەسەرۆکی کۆمار دەدات لەدانانو دورخستنەوە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی سەربەخۆیی بانکی ناوەندییو ملکەچکردنی زانکۆکان بۆ ژێر دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار، هەروەک دادگا زۆرێک لەبڕگەکانی دیکەی یاساکەى هەڵوەشاندەوە.
بەمشێوەیە دادگای دەستوریی، سەربەخۆیی بۆ بەشێک لەدامودەزگاکانی دەوڵەت گەڕاندەوەو سەرۆک کۆمار چیتر ناتوانێت سەرۆکی بانکی ناوەندیی پێش کۆتاییهاتنی خولی پێنج ساڵەکەی بگۆڕێت.
فەرمانی یاسای ژمارە 703 ڕێگە بەدانانی ڕاگری زانکۆکان دەدات لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، هەروەک لەکارلابردنی سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا پێش کۆتاییهاتنی خولەکەی.
سەربەخۆیی بانکی ناوەندیی تورکیا دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەماوەی سێ ساڵدا چوار پارێزگاری بانکی لەکارەکانیان دورخستەوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەربوو، ئەویش لەدوای گواستنەوەی تورکیا بۆ سیستەمی سەرۆکایەتیی لەساڵی 2018.
|