ئاسایش ههوڵێكى تیرۆریستى پوچهڵ دهكاتهوه
هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆسەی تەقاندنەوەی ماتۆڕسکیلێکیان شکستپێهێناوە کە دوو کەسی خۆکوژی هەڵگرتبوو نیازی ئەنجامدانی کارێکی "تیرۆریستی"یان لەشاری حەسەکە هەبوە.
ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان بەیاننامەیەکى بڵاوكردوهتهوهو ڕایگەیاندوە، “دەزگای ئاسایشی گشتیی زانیاریی پشتڕاستکردنەوەی لەسەر پلانی کردەوەیەکی تیرۆریستیی لەحەسەکە دەستکەوتوە کە لەڕێگەی دوو خۆکوژو ماتۆڕسکیلێکەوە ئەنجامبدرێت".
هەروەک دەزگاکە کاری لێکۆڵینەوەو ئۆپەراسیۆنی بەدواداچونی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی پێش ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکە پێیان بگات.
لەبەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتوە، ئەمڕۆ لەگوندەواری حەسەکە توانیمان ماتۆڕسکیلێک ببینین کە دوو کەسی هەڵگرتبوو، هەردوو کەسەکەش پشتێنی تەقینەوەیان لەبەردابوە، هەربۆیە بۆسەیەکی پتەوەیان بۆ دانرا.
باسی لەوەشکردوە، ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی دوو تیرۆریستەکە کەوتنە ناو بۆسەیەکەوەو تەقەیان لێکرا، ئەوانیش خۆیانو ماتۆرسکیلەکەشیان تەقاندەوە.
لەبەشێکی تری بەیاننامەلەی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستاندا ئاماژە بەوەکراوە، ئەم کردەوانە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدەدرێت، بەکەڵکوەرگرتن لەکاتی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاو بەهەمانشێوە بەسودوەرگرتن لەبەئامانجگرتنی هێزەکانیان لەکۆبانێ.
|