قوباد تاڵەبانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستی نوێی ڕاگەیاند
جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە نزیکترین دەرفەتدا و لە ئەمساڵدا بکرێت و دەشڵێت: هەوڵی ئێمە ئەوەیە پێکهاتەکان بتوانن نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەمانی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکى حکومەتى هەرێم لەگەڵ بنیامین هانا، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێم کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆ کرا.
وەک نوسینگەى ڕاگەیاندنى قوباد تاڵەبانى بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران، جەختی کردەوە کە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە نزیکترین دەرفەتدا و لە ئەمساڵدا بکرێت.
سەبارەت بە کورسی کۆتاکان، قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە کە بێ جیاوازی داکۆکی لە هەموو مافی پێکهاتەکان دەکەین، وتیشی هیچ کاتێک دژی کورسی کۆتای پێکهاتەکان نەبووین و ناشبین، بەڵکو خواست و هەوڵی ئێمە ئەوەیە پێکهاتەکان بتوانن نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان هەبێت لە پەرلەمانی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پرسی بودجەی هەرێم کرا، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، حکومەتی هەرێم هەموو ئامادەییەکی نیشان داوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و وتیشی ئێمە نابینە کێشە لەبەردەم دەستپێکردنەوەی پرۆسەکەدا.
سەبارەت بە پرسی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکە و وتیشی، وەفدی حکومەت ئامادەیە سەردانی بەغدا بکات و مەبەستمانە بگەینە رێککەوتنی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەی بودجە و موچە.
|