نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەم نزیکانە سەرجەم ئاوارەکانی سلێمانی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق وتی "300 ئاوارە لە کامپى شاریاى دهۆکەوە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان لە شنگال، گەڕانەوەشیان بە هەماهەنگى لەگەڵ رێکخراوى نێودەوڵەتى کۆچ بووە و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانى نەینەوا بووە، کە پاڵپشتى لۆجستى بۆ دەستبەرکردوون.
لای خۆشیەوە سامر مەشکور، بەڕێوەبەرى بەشى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لە وەزارەتى کۆچ، بە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراقى وتووە "لە دەرئەنجامى هەماهەنگى باشى نێوان وەزارەتەکەیان حکومەتى خۆجێى سلێمانى، لە مانگى شوباتەوە تاوەکو ئێستا، 275 خێزانى ئاوارە لەو پارێزگایەوە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان.
ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، دواى پێشکەشکردنى چوار ملیۆن دینار وەک کۆمەکى بەپەلە کە هاندەربووە بۆ گەڕانەوەى ئارەزوومەندانەیان.
سەبارەت بەو ژمارە ئاوارەی لە شاری سلێمانی ماونەتەوە، سامر مەشکور ئەوەشی خستە روو "لە پارێزگاى سلێمانى چوار کامپى ئاوارەکان هەیە و زۆرترین ئاوارە لێیانەوە گەڕاوەتەوە زێدی خۆیان و تەنیا ژمارەیەکى کەمى ئاوارە لە یەک کامپدا ماون، چاوەڕوان دەکەن مانگى داهاتوو کۆتایهاتنى ئاوارە لە سلێمانى رابگەیەنن.
بە گوێرەى بەرنامەى حکومەتى عێراق، دەبێت سەرجەم ئاوارەکان تا مانگى تەموز، بگەڕێنەوە زێدى خۆیان و دۆسییەى ئاوارەکان دابخرێت لە عێراق.
ئ.ز