پلاسخارت ماڵئاوایی كرد
نها نیوز ـ ههواڵهكان
نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق ماڵئاوایی كرد و له پهیامێكیشدا رایگهیاند، هاوسەنگیی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە، دهشڵێت:"نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لانییە".
له پهیامى ماڵئاوایى جێنین هێنیس-پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق ئاماژه بهوهدهكات، "لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، من زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێك کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕاون".
نووسیویهتى:"وەك زۆر جار وتوومە، نەتەوەیەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لانییە، لە کۆتاییدا هاوسەنگیی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە".
دەقی پەیامەکەی جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق
پەیامی ماڵئاوایی لە جێنین هێنیس-پلاسخارتەوە
لەکاتێکدا ماوەی کارکردنم وەك نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە کۆتایی نزیك دەبێتەوە؛
ئاواتەخوازم سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ هەموو عێراقییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی چاوم پێیان کەوتووە و لەگەڵیاندا کارم کردووە، دەرببڕم. لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، من زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێك کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕاون، هەتا ئەگەر کاریگەریی لەسەر ئاسوودەیی و کاتی خۆشیان هەبێت. من زۆر شت فێربووم لە گوێگرتن لە ژنان و پیاوانی عێراقی کە بە شانازییەوە مێژووی خۆیان روون دەکردەوە.
هەرچەندە زۆرێك لەوانە رووبەڕووی ئاڵنگاریی سەرخت بوونەتەوە، بەڵام زۆرجار گەشبینییەك بۆ رۆژانی داهاتوو دەدرەوشایەوە. ئەوان پێشوازییان لە من و هاوکارانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە شارۆچکە و ماڵەکانیاندا، بانگهێشتیان کردووین بۆ بەشداریکردن لە ژەمێك یان بۆنەیەك و هەرگیز دەرفەتێکیان لەدەست نەدا بۆ نمایشکردنی کولتوورە دەوڵەمەند و جوانییە بێئەندازەکەی عێراق. لە سەرانسەری وڵاتدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، خەڵکی بێشومار لە هەموو تەمەنێکدا بە شێوەیەکی خۆڕسك هیوا و ئاواتی هاوبەشیان هەبووە.
بۆیە من هیچیان لەبیر ناکەم. هەروەها بەڕاستی کۆبوونەوە و گفتوگۆ پیشەگەرانەکان بەرز دەنرخێنم کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوبەشەکانمان هەمانبووە، هەر لە نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمی و سەرۆك عەشیرەت و سەرکردە ئاینییەکانەوە تا دەگاتە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و پارێزگا و نیشتمانی و دادوەر و بەرپرسانی ئەمنی و سیاسەتمەداران. شایەنی باسە کە تێڕوانین و دیدگاکانیان زۆر شتیان فێرکردین و رێنمایی کارەکانمانیان کردووە. لە هەندێك لەو کۆبوونەوانەدا تاکەکان جیاوازی رۆژانەیان وەلا دەنا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ عێراق لە کاتە گرنگەکاندا. هەموو ئەو جۆرە پەیوەندییانە کاریگەرییەکی نەسڕاوەی لەسەر من بەجێهێشتووە و بێگومان هەرچەند سوپاسگوزاری دامودەزگاکانی حکومەتی عیراق بم هێشتا کەمە، کە لە رێگەی هەوڵە بێوچانەکانیانەوە کارەکانی ئێمەیان ئاسانتر کردووە و کارمەندان و ئۆپەراسیۆنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیان پاراستووە.
هیچ کام لەمانە ئەوە ناگەیەنن کە نەتەوە یەکگرتووەکان دوور بووە لە رەخنەکان - هەندێکیان رەوا بوون، هەندێکیان تەنها لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی هەڵە بووە سەبارەت بەوەی ئێمە کێین و چی دەتوانین و چی ناتوانین بکەین. بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە بەهاکانی رێکخراوەکە و ئەوەی کە ئەو رێکخراوە چی دەگەیەنێت، تێگەیشتوون، زۆر دڵخۆشی کردووین.
وەك زۆر جار وتوومە، نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لانییە، لە کۆتاییدا هاوسەنگیی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە. بەڵام ئەگەر بتوانین گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤەکاندا بکەین، ئەوا شایەنی ئەوەیە هەنگاو بنێین و بەردەوام بین لە هەوڵدان. لە کۆتاییدا، نەتەوە یەکگرتووەکان یەك کاری لەپێشینەی سەرەکیی لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەیە: پێشخستنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان – بەبێ گوێدانە جیاوازیی لایەنگیری یان باوەڕ یان پاشخان یان نەتەوە. دیسانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ ئەو هاوکاریی و پاڵپشتییە میهرەبانانە دەرببڕم کە پێشکەش بە یونامی و بنەماڵەی فراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بە من بە تایبەتی کراوە. هەربژی عیراق.
|