هەواڵ

پارتى واده‌یه‌كى نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن ئاشكراده‌كات

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

دواى نووسراوێكى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژارده‌كانى عێراق بۆ هه‌رێمى كوردستان سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنى واده‌یه‌كى نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن، بەرپرسێكى باڵاى پارتی دیموكراتى كوردستان ئاماژه‌ به‌ واده‌ى نوێى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، "بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاریى بکات".

سەربەست لەزگین ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان‌ له‌ دهۆك به‌میدیاى نزیك له‌حزبه‌كه‌ى وت:"دانوستان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەبەغدا بەردەوامە، لەگەڵ کۆمسیۆن، دەستەی دادوەری، دادگای فیدراڵی‌و لایەنە سیاسییەکان، کە هەندێک گۆڕانکاریی کراون‌و هەندێکی دیکەش بەمزوانە دەکرێت".

وتیشى:"بڕیاروایه‌ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاریبکات، ئێمه‌ پێشبینیدەکەین بڕیاری هەڵبژاردن بۆ مانگی 10 یان سەرەتای مانگی 11 بێت، بەڵام ئەوەش دەبێت بەڕێککەوتن بێت لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدارو کۆمسیۆن‌و لایەنە سیاسییەکانی دیكه‌ى هەرێمی کوردستان".

باسى له‌قبوڵکردنی مەرجەکانی پارتی كردوه‌و ده‌ڵێت:"هەندێک مەرج قبوڵکراوەو هەندێک گۆڕانکاریش کراوە، ڕەنگە هەمووشتێکیش بەدڵی مرۆڤ نەبێت، ئەو گۆڕانکارییەی کراوە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی پارتی، چونکە ئەگەر پارتی داکۆکی نەکردبایەو هەڵوێستی نەبوایە، ڕەنگە زۆر شت هەبوو نەدەکرا، وەکو شێوازی تەکنیکی‌و دەنگدان‌و جیاکردنەوەی دەنگەکان لەسەر پێکهاتەکان".

په‌یامى به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى پارتى له‌ كاتێكدایه‌،  کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نوسراوێکی فەرمیدا داوای لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردووە، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکات.

لە نوسراوەکەی کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکانی عێراقدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ناتوانن لەو وادەیەی دیاریکراوە واتا 10ى 6ى ئه‌مساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدەن، بۆیە هەڵبژاردن دوادەخرێت، ئەوەش یەکەم نوسراوی فەرمی کۆمسیۆنە لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

2024-05-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.