قسەیەکی موقتەدا سەدر بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار دابەزاند
بەهۆی ڕاگەیەنراوێکی موقتەدا سەدرەوە، ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی، هاوکات لە هەولێر 100 دۆلار گەیشتەوە نزیکەی 145 هەزار دینار.
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 144 هەزار و 600 دینار بووە، بە وتەی ئەو ئاڵوگۆڕکارە، لە بەیانیی ئەمڕۆدا 100 دۆلار بە 144 هەزار و 350 دینار بووە.
وەکو رەوەز میرزا دەڵێت، "داواکارییەکەی سەدر بە دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا و داخستنی باڵیۆزخانەکە، جۆرێک ترسی لە بازاڕدا دروستکردووە، ئەمە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینارە بەرامبەر دۆلار."
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "داواکارییەکەم دووبارە دەکەمەوە بۆ دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و داخستنی باڵیۆزخانەکە بە رێگە دیپلۆماسییە کارپێکراوەکان، بەبێ رشتنی خوێن".
وەکو رەوەز میرزا دەڵێت، ئەگەر ئەو پەیامەی سەدر نەبووایە، پێشبینی دەکرا بەهای 100 دۆلار بۆ نزیکەی 144 هەزار دینار دابەزێت.
|