کۆمسیۆن داوا دەکات وادەی نوێی هەڵبژاردن دیاریبکرێت و هەرێمی کوردستان تا ئێستا بێ وەڵامە
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نوسراوێکی فەرمیدا داوای لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردووە، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکات.
لە نوسراوەکەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هاتووە، ناتوانن لەو وادەیەی دیاریکراوە واتا 10-6 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدەن، بۆیە هەڵبژاردن دوادەخرێت، ئەوەش یەکەم نوسراوی فەرمی کۆمسیۆنە لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
کۆمسیۆن داوای لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردووە، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت، بەڵام تا ئێستا سەرۆکایەتی هەرێم وەڵامی نوسراوەکەی نەداوەتەوە و وادەیەکی نوێی دیارینەکردووە.
پێشتر بڕیاربوو 10-6 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام پارتی دوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، هەنگاوەکانی لە بەغدا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەستپێکرد. دواتریش دادگای فیدراڵی کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرت و بڕیاری تەرخانکردنی پێنج کورسی بۆ کۆتاکان لە هەرێمی کوردستان دا.
|