تەندروستی

لە بەغداوە هەواڵێکی خۆش لەبارەی یاسای بودجەوە گەیشت و پەرلەمان ناتوانێت دەستکاری بکات

نها نیوز – هەواڵەکان

دوای ئەوەی خشتەی بودجەی ئەمساڵی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا و تاوەکو ئێستا لە پەرلەمان دەنگی لەسەر نەدراوە، لەوبارەیەوە پەرلەمانتارێکی عێراق هەواڵی خۆش ئاشکرا دەکات و دەڵێت "خشتەکە بەجۆرێک دانراوە ناتوانرێت بڕگە و ماددەی بۆ زیادبکرێت و دەنگدان لەسەری دوابکەوێت".

سروە محمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە نها نیوز دەڵێت "ئێمە وەکو ئەنجومەنی نوێنەران دوو مانگ پشوومان هەیە هەمیشە یەک مانگ وەردەگرین، تاوەکو ئێستا پەرلەمانتاران هیچ پشوویەکیان وەرنەگرتووە، ئەمجارەش بەهۆی پڕۆژە یاسای بودجەوە پشووەکە درێژکرایەوە واتە کرا بە دەوام، پێویستە لەماوەی یەک مانگدا دەنگ بدرێت بە هەمواری یاسای بودجە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا "مانگێکمان دانا بۆ پشوو کاتێک درێژ کرایەوە دانرا بۆ کۆمەڵێک شت یەکێک لەوانە دەنگدان بوو بۆ درێژکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بابەتێکی دیکەیان ئەویش هاتنی بودجەی بەغدا بوو لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەرلەمانی عێراق، هەفتەی پێشو بوو دەنگماندا بە کۆمسیۆن و کۆتایی هات، ئێستا ماوەتەوە لەسەر دەنگدان لە پڕۆژە یاساکە کە بە خشتە هاتووە.

بەوتەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لە عێراق، پێویستە لەماوەی ئەم مانگەی کە پشووەکە کراوەتە دەوام دەنگ بدرێت لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە، لەبارەی ئەوەشی کە بۆ دەنگدان لەسەری دواکەوتووە ئەو وتیشی "ئەوەندەی من ئاگادار بم، تاوەکو ئێستا کۆبوونەوە لە لیژنەی دارایی بەردەوامە لەسەر چۆنیەتی گفتوگۆکردن و کۆبونەوە و رێککەوتن لەسەر ئەو خشتەیەی کە هاتووە ئەمە لایەنی یەکەم.

سەبارەت بە لایەنی دووەم و هەواڵە خۆشەکە، سروە محەمەد رایگەیاند "ئەو خشتەی کە هاتووە بۆ پەرلەمان درێژە ناکێشێت لەبەرئەوەی حکومەت بەشێوەی خشتە دایناوە، واتە مەجالی ئەوەی تێدا نییە پەرلەمانتاران داوای زیادکردنی بڕگە و ماددەی دیکە بکەن، هەربۆیە بەشێوەی ماددە نەهاتووە بەشێوەی لیست هاتووە هەموارکردنەوەی یاساکە.

جەختیشیکردەوە "چاوەڕێین لیژنەی دارایی کۆتا راپۆرت و پێشنیاری خۆی بنوسێت بۆ پەرلەمان و رۆژێک دیاریبکرێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

رۆژی یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2024ی پەسەندکرد و بەرواری 21ی ئایارییش رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد. هەرچەندە بڕیاربوو پەرلەمانی بەغدا بچێتە پشووی یەک مانگی خۆیەوە، بەڵام لەبەر دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە پشووەکەی درێژکرایەوە و بووبە دەوام و بڕیارە لەماوەی درێژکردنەوەی ئەو پشووەدا دەنگدان لەسەر بودجە کۆتایی پێ بێت.

ئ.ز
2024-05-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.