به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى سلێمانى له‌كاره‌كه‌ى دوورده‌خرێته‌وه
نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان
دواى پیرۆزباییه‌كى وه‌زیرى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم له به‌ڕێوه‌به‌رى نوێى پۆلیسى سلێمانى وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى له ڕێگه‌ى نها نیوزه‌وه روونكردنه‌وه ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌گه‌رچى تائێستا هیچ نووسراوێك نه‌گه‌یشتووه‌ته به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌مان، به‌ڵام مادام وه‌زیرى ئه‌و پۆسته‌ى كردووه، یه‌كشه‌ممه مه‌راسیمى ده‌ستبه‌كاربوونى به‌ڕێوه‌به‌رى نوێ به‌ڕێوه‌ده‌چێت".
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومه‌تى هەرێم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویته‌رى پێشوو)، وێنەیەکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا پیرۆزبایی لە عەمید ئارام محه‌مه‌د دەکات به‌بۆنه‌ى دەستبەکاربوونی وەک به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی پارێزگای سلێمانی.

له‌و پۆسته‌دا وه‌زیرى ناوخۆ نووسیویه‌تى:"پیرۆزبایی لە عەمید دکتۆر ئارام محه‌مه‌د ساڵح دەکەم بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاى سلێمانی، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لەم پۆستە گرنگەدا، بەهیواین ئەم ئەرکە نوێیەی بکاتە بەدیهێنەری سەلامەتی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگه".
له‌وباره‌یه‌وه سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى به نها نیوزى وت:"به فه‌رمى هیچ نووسراوێك نه‌گه‌یشتووه‌ته لاى ئێمه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى سلێمانى، به‌ڵام مادام وه‌زیرى ناوخۆ ئه‌و پۆسته‌ى كردووه، یه‌كشه‌ممه مه‌راسیمى ده‌ستبه‌كاربوونى به‌ڕێوه‌به‌رى نوێى پۆلیسى سلێمانى به‌ڕێوه‌ده‌چێت و هه‌ر یه‌كشه‌ممه‌ش نووسراوى فه‌رمى وه‌زاره‌ت ده‌گاته به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته".
|