جیهان

هۆكارى كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ى كۆپته‌ره‌كه‌ى ره‌ئیسى ئاشكراده‌كرێت

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

به‌ پێى راپۆرتى سه‌ره‌تایی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانى ئێران و لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی کۆپتەرەکەی ره‌ئیسى، هۆكارى كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌كه‌ ئاشكراكراوه‌ و باس له‌وه‌ده‌كات، "ئه‌گه‌رچى هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ كۆپته‌ره‌كه‌ له‌ ئاراسته‌ى خۆى ده‌رنه‌چووه‌".

فەرماندەییەکە ئاماژەی به‌وه‌ داوە، بەشی زۆرینەی زانیارییە پێویستەکان کۆکراوەتەوە کە چەندین لایەن و ڕەهەندی تەکنیکی و گشتیی کۆکردووەتەوە، بەڵام بەشێک لە وردەکارییەکان پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ لێکۆڵینەوە و بەشێک لە وردەکارییەکان دەکرێت بڵاو بکرێنەوە و ئاماژەیان پێ بکرێت، لەوانە:

- کۆپتەرەکە تاوەکو یەک خولەک و 30 چرکە لە فڕین بەردەوامبووە و لە ئاراستەی خۆی دەرنەچووە.

- فڕۆکەوانی کۆپتەرە کەوتووەکە پەیوەندیی بە فڕۆکەوانی هەردوو کۆپتەرەکەی دیکەوە کردووە.

- هیچ شوێنەوارێکی گوللە یان هەر شتێکی هاوشێوە لە سەر پارچەکانی کۆپتەرە کەوتووەکە بەدینەکراوە.

- کۆپتەرەکە بەهۆی بەرکەوتنی بە بەرزایی سووتاوە.

- بەهۆی ئاڵۆزیی ناوچەکە و تەمومژ و نزمی پلەی گەرمی، پرۆسەی گەڕان گەیشتە شەو، بە درێژایی شەو پرۆسەی گەڕان بەردەوامبوو تاوەکو کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی دووشەممە بە هاوکاریی درۆنی ئێرانی توانرا شوێنی وردی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە دیاریبکرێت و تێمەکان و هێزەکانی پیادە بگەنە شوێنی مەبەست.

- لە لایەن تاوەری چاودێرییەوە هیچ پەیوەندییەکی گوماناوی تۆمارنەکراوە و نەبیستراوە.

2024-05-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.