ئابوری

تائێستا وه‌زاره‌تێكى هه‌رێم لیستى ئاماده‌نییه‌.. مووچه‌ى مانگى پێنج كه‌ى دابه‌شده‌كرێت؟

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

به‌ پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت ده‌ست نها نیوز كه‌وتوون، تائێستا وه‌زاره‌تێكى هه‌رێم لیستى مووچه‌ى مانگى پێنجى بۆ وه‌زاره‌تى دارایی نه‌ناردووه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى داراییش ئاشكرایده‌كات، لیستى مووچه‌ به‌ دوو شێواز بۆ وه‌زاره‌تى دارایی عێراق ره‌وانه‌ ده‌كرێت و ده‌شڵێت:"هیچ بیانوویه‌ك بۆ دارایی عێراق ناهێڵینه‌وه‌".

سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵا له‌ وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى هه‌رێم تایبه‌ت بۆ نها نیوز زانیاریى ئاشكراكرد و وتى:"چاوەڕێدەکرێت ئەمڕۆ لیستی مووچەی موچەخۆران ئامادەبکرێت‌، چونكه‌ تەنها لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە ماوە بگاتە وەزارەتی دارایی هەرێم".

وتیشى:"سه‌رجه‌م وەزارەتەکان جگە لەوەزارەتی پێشمەرگە لیستەکانیان بۆ وەزارەتی دارایی هه‌رێم ره‌وانه‌ كردووه‌، وەزارەتیش بەشێوەی نوسراو و لەسەر سیدی‌ و فلاش، ناوەکانی ئامادەکردووە تاوەکو ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق بەهەر جۆرێک ویستی، ئامادەبێت‌و راسته‌وخۆ ره‌وانه‌ بكرێت بۆ بەغدا، تاوه‌كو هیچ بیانوویه‌ك بۆ وه‌زاره‌تى دارایی عێراق نه‌هێڵینه‌وه‌".
 
سه‌باره‌ت به‌ واده‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى پێنج، سه‌رچاوه‌ باڵاكه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی روونیكرده‌وه‌، "تائێستا وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی پێنج دیارنییە، چونكه‌ دابەشکردنی مووچە پەیوەستە بەوادەی ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە، ئێمەش هەموو پابەندییەکمان جێبەجێکردووه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌بین".

لێدوانى سه‌رچاوه‌ باڵاكه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی بۆ نها نیوز له‌كاتێكدایه‌، تائێستا پارەی موچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە و ئەمڕۆش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران به‌ ڕۆژنامه‌نووسانى وت:"کێشەی لیستی موچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەرکراوە".

له‌و رووه‌شه‌وه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی بۆ نها نیوز جه‌ختیكرده‌وه‌، "هه‌فته‌ى داهاتوو بەغدا بڕی 339 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنیەکانی هەرێم ده‌نێرێت‌ و ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی دەکرێت".

2024-05-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.