جیهان

تائێستا زانیوته‌ ئیبراهیم ره‌ئیسى پلەی خزمەتکاری پێدراوه‌

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

به‌ پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى شاره‌وانى شارى مه‌شهه‌د ئاشكرایكردووه‌، به‌ مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له‌ پرسه‌ى به‌ خاكسپاردنى ئیبراهیم ره‌ئیسى سه‌رۆك كۆمارى كۆچكردووى ئێران، سێ ملیۆن كه‌س روویان له‌وشاره‌ كردووه‌.

دوای چوار ڕۆژ، تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران، لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمێکی فراوانی جەماوەری گەیشتە شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی و بە گوێرەی ڕاگەیاندنی شارەوانی مەشهەد، نزیکەی سێ ملیۆن کەس ئامادەی ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی تەرمی ڕەئیسی بوون.

تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیەندرایە فڕۆکەخانەی شەهید هاشمی نەژاد، لە شاری مەشهەد و دوای پێشوازی لێکردنی لەلایەن پارێزگاری خۆراسانی ڕەزەویی و بەرپرسانی دیکەی ئیداریی و ئه‌منیى پارێزگاکە و ناوچەکانی دیکەی ئێران، لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمێکی جەماوەریدا بەرەو دوا ئارامگەی بەڕێکرا.

مێدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، ئەندامانی خانەوادەی ئیبراهیم ڕەئیسی چەند کاتژمێرێک پێشتر بۆ پێشوازیی لە تەرمەکەی، چوونەتە شاری مەشهەد.

هەروەها شارەوانیی مەشهەد ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، بە گوێرەی ئامارەکان، نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی مەشهەد و شارەکانی دیکەی سنووری پارێزگای خۆراسانی ڕەزەویی و ناوچەکانی دیکەی ئێران بۆ کۆتا ماڵئاوایی و بەشداریی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی چوونەتە مەشهەد و ئاپۆڕا و خرۆشانی خەڵک بووەتە هۆی ئەوەی چەندجارێک و لە چەند شوێنێک ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تەرمی ڕەئیسی بوەستێت، ئەمە جیالەوەی کەژاوەکە بەهۆی ئاپۆڕەکەوە بە هێواشی بەرەو حەرەمی ئیمام ڕەزا جووڵەیکردووە.

تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران، لە ڕاڕەوی کۆنی چوون بۆ سەر گۆڕی عەلی بن موسا ڕەزا ناسراو بە ئیمام ڕەزا کە هەشتەمین ئیمامی شیعە مەزهەبەکانە بە خاکدەسپێردرێت، بەوپێیەی پلەی خزمەتکاریی ئیمام ڕەزای پێدراوە.

ئەمڕۆش تەرمی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری کۆچکردووی دەرەوەی ئێران کە بە شەهیدی دیپلۆماتی ناسێندراوە، لە زێدی خۆی لە شاری ڕەی لە حەرەمی عەبدولعەزیم حسێنی کە لە نەوەکانی دووەمین ئیمامی شیعە مەزهەبەکانە بەخاکسپێردرا.

2024-05-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.