کوردستان

لە ئەفریقا کوردێك کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران


محەمەد ڤەفا داغ، کوردە و کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە هەرێمی وێستن کەیپ-ی باشووری ئەفریقا، ئەو دەڵێت: زۆریی ستەم و نادادی وایلێکردووە خۆی کاندید بکات تاوەکو چارەسەریان بکات. 
 
محەممەد ڤەفا داغ وتی، "ساڵی 1973 لە وان لەدایکبووم. ئەسڵم بۆ شارۆچکەی چاڵدێران دەگەڕێتەوە. ساڵی 2001 هاتمە باشووری ئەفریقا. هۆکاری هاتنم بۆ ئێرە ئەوە بوو کە من مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووم. ئەوکات هاتمە کەیپ تاون و ئێرەم زۆر خۆشویست، بە گشتی باشووری ئەفریقام خۆشویست."
 
لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بووەتە خاوەنی وڵاتینامە لە باشووری ئەفریقا و لە ساڵی 2006ـەوە دەستی بە کاری سیاسی کردووە لەو ناوچەیە. دەڵێت: "ئامانجم ئەوەیە پشتگیریی ستەملێکراوان بکەم و ببمە ناوی ستەملێکراوان."
 
وەکو خۆی باسی دەکات، ئەو مرۆڤێکە بە "فەلسەفەی 'ئەوەی بەرامبەر ناحەقی بێدەنگ بێت، لە ئێمە نییە'،".
 
لە وتەکانیدا محەمەد ڤەفا داغ باسی لە بوونی ستەمی زۆر لە ناوچەکەدا کرد، بۆیە بڕیاریداوە بەرەنگاری ئەو ستەمە ببێتەوە و مافی ستەملێکراوان وەربگرێت.
 
ئێستا رکابەریی تووند لەنێوان پارتەکانی ئەو هەرێمە هەیە و بڕیارە رۆژی 29-5-2024 خەڵک بچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ. 

داغ دەڵێت: "ئێستا لە وێستن کەیپ هەنگاو بەرەو پێش دەنێین. خوا یار بێت هەنگاوی جیددی دەنێین بۆ ئەوەی رۆژی 29ـی ئایار دەنگدان بەڕێوەبچێت و منیش دەمەوێت ببمە سەرۆکوەزیرانی وێستن کەیپ."
 
ئامانجی لەو کارەی ئەوەیە، "بێدەنگ نەبین بەرامبەر ئەو ستەمەی لە خەڵک دەکرێت. بەتایبەتی ئەو ستەمەی لە خەڵکی فەڵەستین دەکرێت ئێمە لێرە سەرکۆنەی دەکەین."
2024-05-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.