سەدر داوا لە لایەنگرەکانی دەکات بەپەلە بچنە مزگەوتەکان و ئاڵا بەرز بکەنەوە
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە ستایشی رۆڵی کورد لە تێپەڕاندنی یاسای پشووە فەرمییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەکات و فەرمان بە لایەنگرانی دەکات بچنە مزگەوتەکان و ئاڵای غەدیر بەرزبکەنەوە، دەشڵێت: "تەقەکردن قەدەغەیە."
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی سەدر، دوای کەمتر لە 20 خوولەک لە راگەیاندنی پەسندکردنی رەشنووسی یاسای پشووە فەرمییەکان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، لە بڵاوکراوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەستخۆشیی لە بە پشووکردنی رۆژی "جەژنی غەدیر" کرد.
لە بڵاوکراوەکەدا سەدر دەڵێت، "بە هەوڵی رۆڵەکانی نیشتمان و رۆڵەکانی مەزهەبی ئیمامیی جەعفەری و بگرە هەموو دادپەروەران لە سوننە، بەڵکو برایانمان لە نیشتمان لە ئاینەکان و کورد و نەتەوەکانی دیکە، لە پەرلەمانی عێراق پشووی رۆژی جەژنی غەدیر، گەورەترین جەژنی خودا وەکو پشووی نیشتمانیی عێراقی پەسندکرا."
سەدر لە بڵاوکراوەکەیدا باسی ئەوە دەکات، کە بووەتە ئەرک بەسەر سەرجەم عێراقییەکانەوە و بەتایبەت رۆڵەکانی رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوایان لێدەکات بە بەرزکردنەوەی ئاڵای غەدیرەوە روو بکەنە مزگەوتەکان و سەوز بپۆشن بۆ ئەوەی دوو رکات نوێژی سوپاسگوزاری بۆ خودا بکەن.
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە بڵاوکراوەکەیدا دەشڵێت بچنە مزگەوتەکانەوە و سێ جار شایەتومان و شایەتدان بەوەی عەلی وەلیی خودایە بدەن.
سەدر هیچ مزگەوتێکی بۆ ئەوە دیارینەکردووە و دەڵێت :"ئەوە لە نزیکترین مزگەوت بکەن بەبێ ئەوەی دەستدرێژی بکەنە سەر ئەوانی دیکە و بەرپرسانی مزگەوتەکان، ئەگەر پێتان گوترا بگەڕێنەوە، بگەڕێنەوە. تەقەکردنیش بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی ئایاری 2024، پەرلەمانی عێراق رەشنووسی یاسای پشووە فەرمییەکانی لە عێراق پەسندکرد، لەنێویاندا رۆژێک بەناوی جەژنی غەدیرەوە هەیە.
|