ئابوری

هەواڵێکی دڵخۆشکەر لە بەغداوە بۆ زیادکردنی مووچەی هەرێم گەیشت

نها نیوز – هەواڵەکان

دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری لەسەر زیادکردنی مووچە راگەیاند و ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش لەوبارەیەوە دەڵیت "بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی دەبێت مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای بەغدا بکرێت".

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوابڕیاری بەغدا لەسەر هاوتاکردنی مووچەی هەرێم بە عێراق ئاشکرایکرد "شاندێكی خانەنشینانی هەرێم گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە بەمەبەستی هاوتاكردنی مووچە لەگەڵ خانەنشینانی عێراق.

د. نەرمین ئاماژەی بەوەشکرد "بەپێی دوو بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، دەبێت سەرجەم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوتای مووچەخۆرانی عێراق بكرێت و یاسای خانەنشینی هەرێمیش هەڵوەشێنراوەتەوە و دەبێت كار بە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق بكرێت، كە كەمترین مووچەی خانەنشینی بە 500 هەزار دینار دیاری كردووە لەگەڵ زیادكردنی بڕی 100 هەزاری دیكە وەك دەرماڵەی بژێوی و بەوەش بۆتە 600 هەزار دینار.

بەوتەی ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوو شەممە 2024/5/20 لە لیژنەی دارایی پەرلەمان بە ئامادەبوونی سەرۆکی لیژنە عەتوان عەتوانیلا پێشوازییان کردووە لە شاندێکی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان.

"لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا دەربارەی داواکاری خانەنشینانی هەرێم بۆ هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانیان لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014 پشتبەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە 212ی ساڵی 2022"، د. نەرمین مەعروف وای وت

ئ.ز
 
2024-05-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.