هەواڵ

پۆلیسی بەلجیکا هەڵیكوتایە سەر ئۆفیسی دوو کەناڵی کوردی

نها نیوز - هەواڵەکان

درەنگانی شەوی ڕابردوو 200 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی بەلجیکا هەڵیكوتایە سەر باڵەخانەكانی تەلەفزیۆنی "ستێرك تیڤی و مەدیا خەبەر" و دەستی بەسەر كۆمپیوتەر و كەرەستەی تەكنیكی كەناڵەكاندا گرت.

ئاژانسی هەواڵی فورات بڵاویکردەوە، دوێنێ شەو "زیاتر لە 200 پۆلیسی بەلجیکا هەڵیانکوتایە سەر ستۆدیۆکانی هەردوو کەناڵی ستێرک تی ڤی و میدیا خەبەر"، کە بە نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان پۆلێن دەکرێن و ئەوەی دووەمیان بە تورکی پەخش دەکات.

ئاژانسی فورات باسی لەوەشکردووە، پۆلیسەکان دوای دەستبەسەرکردنی پاسەوانی کەناڵەکان، دەستیان کرد بە پشکنینی ستۆدیۆکانیان کە بارەگاکانیان لە برۆکسلی پایتەختە، هاوکات هێزەکانی پۆلیس دەستیان بەسەر ژمارەیەک کۆمپیوتەر و کەرەستەی تەکنیکی کەناڵەکەدا گرتووە و چەندین کەرەستەیان شکاندووە و پەخشیان راگرتووە و پاش چوار کاتژمێر پشکینین، کشاونەتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەكاتی هێرشەكەی پۆلیسدا تەواوی ئەو ناوچەیەی گەمارۆدرا، كە كەناڵەكانی لێ بووە، پۆلیسەكان دەمامك و جلوبەرگی سادەیان لەبەردا بوو.

لەوبارەیەوە کۆنگرەی کۆمەڵگە دیموکراتیکەکانی کوردستانیان لە ئەوروپا – کەجەدەکە-ئە سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر کەناڵەکانی ستێرک تی ڤی و مەدیا خەبەر تی ڤی لەلایەن پۆلیسى بەلجیکاوە بانگەوازێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت "گەلەکەمان بۆ خاوەنداری لە دەنگ و ئیرادەی خۆیان دەبێت دەستبەجێ بکەونە جموجۆڵ.

لە راگەیەندراوەکەی کەجەدەکە-ئەدا ئەوەش هاتووە "لەدژی هەوڵەکانی بێدەنگکردنی ڕاگەیاندنی ئازاد، ئێمە داوای خاوەنداری لە کەناڵەکانمان دەکەین.

کەجەدەکە-ئەدا داوا لە دەوڵەتی بەلجیکا دەکەن، کە دەستبەجێ دەستبەرداری ئەو هەڵوێستە نادیموکراتیەی ببێت، کە دەیەوێت ستێرک تی ڤی و مەدیا خەبەر تی ڤی بترسێنێت، کە لەلایەن گەلی کورد و ملیۆنان مرۆڤەوە تەماشا دەکرێن.

ئ.ز

 
2024-04-23
زیاتر...