هەواڵ

پەکەکە بۆ بەرپرسانی عێراق: لەفێڵ و فریودانەکانی ئەردۆغان ئاگادار بن

نها نیوز - هەواڵەکان

پارتی کرێکارانی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق رایدەگەیەنێت، لەفێڵ و فریودانەکانی ئەردۆغان ئاگادار بن.

کاوە شێخ موس، ئەندامی کۆمیتەى پەیوەندییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا بەمیدیا عێراقییەکان دەڵێت "ئەم سەردانە بابەتێکی ناوخۆییە و ئێمە دەستوەردانی تێدا ناکەین، بەڵام دەبێت بەرپرسان لە عێراق ئاگاداری ئەو فێڵ‌ و فریودانانەبن کە لەلایەن ئەردۆغانەوە پراکتیزە دەکرێت، بەوپێیەی ئەنکەرە تەماحی فراوانخوازیی هەیە.

کاوە شێخ موس ئاماژەی بەوەشداوە "پارتی کرێکارانی کوردستان بەرگریی لە دۆزی گەلێک دەکات ‌و هیچ پەیوەندییەکی بەکاروباری ناوخۆی عێراقەوە نییە، بەڵام هیوادارین درۆ و چەواشەکارییەکانی ئەردۆغان بەرپرسانی عێراق هەڵنەخەڵەتێنێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی حورڕییەتی تورکی، پێدەچێت هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ بەغدا، هێزە چەکدارەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی وشکانیی فراوان دژ بەگەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.

هاوکات ئەنكەرەش پێشبینیدەکات، وڵاتەکەی ئەم پرۆسەیە بەکاربهێنێت بۆ داخستنی تەواوەتی سنوری 378 کیلۆمەتری هاوبەشی لەگەڵ عێراق لەبەردەم هاتوچۆی گەریلاکانی پەکەکە، بۆ ئەوەش ئەنکەرە چاوی لەوەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکە بەهاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق‌ و حکومەتی هەرێم ئەنجامبدات‌ و بەقوڵایی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

ئ.ز
16کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...