سودانی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق بە هەستیار ناودەبات، بزانە باسی چی دەکەن؟
محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا دەڵێت، یەکەمجارە "گفتوگۆی هەستیار" لەسەر هەموو بابەتەکان دەکرێت.
بەگوێرەی میدیاکان کاتێک سەرۆک کۆماری تورکیا دەگاتە بەغدا، چوار رێککەوتن لە بوارەکانی نەوت، ئاسایش و ئاو و پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان واژۆ دەکرێن. جگە لە واژۆکردنی نزیکەی 40 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاوازەکاندا، هەردوو وڵات دەیانەوێت قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانیان دەست پێبکەن.
خالید یەعقوبی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت، "لیژنەکان بۆ ئەوە پێکهێندران تاوەکو رێککەوتنی بنەڕەتی و گرنگ و جەوهەری بکرێن، لەسەر ئەو بنەمایە بەرەو واژۆکردنی رێککەوتنی ئەمنیی گرنگ دەچین، کە زۆرێک لە کێشە گەورەکان چارەسەر دەکات، هەروەها دەبێتە کارئاسانی بۆ سەقامگیریی ئەمنی و ئەنجامدانی پرۆژەی وەبەرهێنانی گەورە، کە گرنگترینیان پرۆژەی رێگەی گەشپێدانە."
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و تووندوتۆڵکردنی سنوورەکان، یەکێک دەبێت لەو پرسانەی رێککەوتن و گفتوگۆی چڕیان لەبارەوە دەکرێت.
|