کوردستان

مەلا بەختیار لەسەر هەڵبژاردن و دەرئەنجامەکەی هێرشدەکاتەسەر یەكێتی و پارتی

نها نیوز – هەواڵەکان

مەلا بەختیار، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی رایدەگەیەنێت، مه‌ترسی هه‌ره‌ گه‌وره‌ لەسەر هەرێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كە "یه‌كێتی و پارتی له‌ناو ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمدا سه‌ره‌تاتكێیانه‌"، ناوبراو دەشڵێت "هەڵبژاردن‌ نه‌كرێت زیانی زۆره‌، بشكرێ كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كوردستان چاره‌سه‌ر ناكات.

مەلا بەختیار، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان لەمیانی كۆبونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڵاتییانی خانەقین وتویەتی "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناكرێ گۆڕانكاری و ده‌ستكه‌وته‌كانی دوای راپه‌ڕین، نادیده‌ بگیرێ و كوردستان له‌ زۆر روه‌وه‌، په‌ره‌ی پێ دراوه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك رووی بنچینه‌ییه‌وه‌، كورد و كوردستان دووچاری شكست و پاشه‌كشه‌ی ترسناك كراوه‌.

مەلا بەختیار ئەوەش دەخاتە روو "سیاسه‌تی ئابوری له‌ (32) ساڵی رابردوو شكستی خواردووه‌.

ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی باڵای یەكێتی ئاماژەی بەوەشدا "هه‌رێمی كوردستان به‌ دیفاكتۆ، دوو ئیداره‌یی، دوو هێزی چه‌كداری، دوو جۆر كۆنترۆڵی سه‌رچاوه‌ی داهات، دوو سیاسه‌تی ئاسایش، نه‌نوسینی ده‌ستور، لێكترازانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و فراوانبونی گه‌نده‌ڵی ئه‌و دیارده‌ ترسناكانه‌ وایان كردووه‌، كوردستان به‌ناچاری چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی بباته‌وه‌ چه‌قی به‌غدا.

بە وتەی مەلا بەختیار، چاره‌سه‌ری (نێوده‌وڵه‌تی - ئیقلیمی) و سه‌رهه‌ڵدانی قۆناغی سیاسی چاوه‌ڕواننه‌كراو، له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌ڕێوه‌یه‌ زوو یان دره‌نگ.

سه‌باره‌ت به‌ كوردستانیش  ناوبراو وتوشیەتی "هه‌میشه‌ كوژراوی رێكه‌وتنه‌كانی نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌سه‌ر حسابی مافه‌ دیموكراسیه‌كانی گه‌لان. له‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا دیسان فه‌ڵه‌ستین كراوه‌ته‌وه‌ میحوه‌ری چاره‌سه‌ری ئاشته‌وایی و كێشه‌ی سیاسی گه‌وره‌تری كوردستان، په‌راوێز خراوه‌.

مەلا بەختیار جەختیش دەکاتەوە "له‌م بارودۆخه‌شدا، له ‌سایه‌ی سیسته‌می نوێی جیهان ‌و جیهانگیریشدا، جگه‌ له‌ باشوری كوردستان، وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئازادیخواز، ستراتیژێكی دیموكراسی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان له ‌ئارادا نییه‌. به‌م دۆخه‌ سیاسییه‌ ناوخۆییه‌ی به‌شه‌كانی كوردستان، تایبه‌ت باشور و هه‌رێم زۆر وریا نه‌بین، دووچار كاره‌ساتی گه‌وره‌ ده‌بین.

بەبڕوای مەلا بەختیار "مه‌ترسی هه‌ره‌ گه‌وره‌، ئه‌وه‌یه‌، یه‌كێتی و پارتی له‌ دوو روانگه‌ی سه‌راپا جیاوازه‌وه‌ سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و له‌ناو ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمدا سه‌ره‌تاتكێیانه‌! لایه‌نه‌كانی تریش وا سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، كه‌ گوایه‌ شكستی پارتی و یه‌كێتی له‌ هه‌ڵبژاردندا له ‌قازانجی سه‌ركه‌وتنی ئه‌وانه‌.

دەشڵێت "ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌كرێت زیانی زۆره‌. بشكرێ كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی كوردستان چاره‌سه‌ر ناكات. هه‌روه‌كو چۆن په‌رله‌مانه‌كانی تری كوردستان، كێشه‌یان زیاد نه‌كردبێ، چاره‌سه‌ریان نه‌كرد.

ئ.ز

 
2024-04-21
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.