کوردستان

هۆشدارییەکی توند لە یەکێتیەوە بۆ پارتی لەسەر بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردن

نها نیوز – هەواڵەکان

دوای ئەوەی کۆمسیۆنی عێراق رایگەیاند کە بانگەشەی هەڵبژاردن 10ی ئایاری ئەمساڵ دەستپێدەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا پارتی لیستی کاندیدانی خۆی نەناردووە و بەشداری پرۆسەکە ناکات، لەوبارەیەوە یەکێتی هۆشدارییەکی توند بەو حزبە دەدات و هێرشدەکاتەسەری، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێت "بەشداری نەکردنی پارتی جۆرێکە لەخۆ دیزینەوە لە پرۆسەکە و چیتر کۆی جومگە هەستیارەکان لە هەرێمی کوردستان لەدەستتان نابێت، چیتر پارتی ناتوانێت تەحەکوم بە ئەنجومەنی دادوەری بە دادگا و سەرۆکایەتی هەرێم بکات".

لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەسەر هەڵبژاردن هۆشداری توند بە پارتی دەدات و دەڵێت "ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رابردوو یەکێتی زۆرجار قوربانی بەبەرژەوەندی خۆیداوە لەپێناو سەقامگیری هەرێمی کوردستان، زۆرجار قوربانیمان بەپۆست و بە مافە حزبییەکان و دەستکەوتەکان داوە لەپێناو تێکنەچوونی دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا دۆخێک هاتووەتە پێش کە دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان بزانێت کە چیدی کۆی جومگە هەستیارەکان لە هەرێم لەدەست ئەوان نابێت، چیتر پارتی ناتوانێت تەحەکوم بە ئەنجومەنی دادوەری بە دادگا و سەرۆکایەتی هەرێم بکات.

لوقمان وەردەی زیاتری ئاشکراکرد "ئەمەش هۆشدارییە کە پارتی لە حکومی داهاتوو پێکهاتەی حکومەت و دامودەزگاکان وەکو ئێستای نامێنیت؟ بەدڵنییاوە نەخشەی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ داهاتوو دەگۆڕێت پارتیش بەشێک دەبێت لە پرۆسەی سیاسی، ئێمە ناڵێین دەچێتە دەرەوەی پرۆسەکە، بەڵام دەبێت پارتی لەم راستیە تێبگات کە کۆی جومگە هەستیارەکانی هەرێمی کوردستان و حکومڕانی لەدەست ئەو نابێت، ئەمە ئێمە نین بڕیار دەدەین بەڵکو خەڵک بریار دەدات، ئەو راپرسیانە بریار دەدات کە خۆیان کردوویانە کە قەبارەکەیان دێتە خوارەوە، بۆیە ئێستا پاساوی ناجۆر دەهێننەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابکەوێت.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا "کەس رێگری لە پارتی نەگرتووە بەشداری هەڵبژاردن نەکات، ئێمە لەسەرەتاشەوە خوازیاربووین پارتیش وەکو هێزەکانی دیکە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکات، ئێمە دەمانەوێت هەموو حزبە سیاسییەکان بەشداری هەڵبژاردن بکات چونکە پرۆسەیەکی دیموکراسییە، چوار بۆ پێنج ساڵ حکومڕانی کراوە و لە کۆتاییدا دەچینە بەردەم خەڵک و ئەوانیش بریار دەدەن کێ هەڵدەبژێرێت بۆ ئایندە، وە نەخشەی سیاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن بێت، بەڵام ئێمە دەڵێین ئەو پاساوانەی پارتی دەیهێنێتەوە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن راستی نین، بەڵکو جۆرێکە لەخۆ دیزنەوە لە پرسی هەڵبژاردن.

بەپێی پێشهاتەکان ئەگەری زۆر هەیە هەڵبژاردن دوابکەوێت بۆ ناوەڕاستی مانگی ئەیلول بۆ تشرینی یەکەم و گۆڕانکاری دروست ببێت، ئایا یەکێتی بۆ ئەو دواکەوتنە رازی دەبێت؟ وەردی لەوبارەیەوە دەڵێت "ئێمە خۆمان ئامادەکردووە بۆ هەڵبژاردن وە لەگەڵ هەنگاوەکانی کۆمسیۆن دەڕۆین هیچ بڕیارێک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وە ئێمە تەهیدی دواخستنی ناکەین، چونکە خۆمان ئامادەکردووە، دواتر کۆمسیۆنی عێراق بڕیار دەدات، وە من نازانم لەوکاتەدا سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی قسەی لەسەر دەکات و بریار دەدات.

ئ.ز
 
2024-04-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.