کوردستان

سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ عێراق گورزێکی کەمەر شکێن دەدات لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیل

نها نیوز – هەواڵەکان

بەپێی وتەی وەزیرى بازرگانیى تورکیا، سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ بەغدا کردنەوەى دەروازەیەکى نوێ دەبێت لە عێراق، بەمەش مەترسى لەسەر دەروازەى نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیل دروست دەبێت.

عومەر بۆلات، وەزیرى بازرگانیى تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت "سەردانەکەى رۆژى دووشەممەی ئەردۆغان، یەکەم سەردانى سەرۆک کۆمارە بۆ دەرەوە، دواى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى تورکیا، کە تێیدا جگە لەو رێککەوتنە بازرگانیانەی کە بڕیارە لەم سەردانەدا واژۆ بکرێن، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگەى گەشەپێدانیش گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.

بۆلات ئاماژەی بەوەشدا "سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، قەبارەی هەناردەکردنی تورکیا بۆ عێراق زیاد دەکات، بە شێوەیەک لە ماوەیەکى نزیکدا دەیگەیەنێت بە 15 ملیار دۆلار و بۆ ساڵى 2030 تا 20 ملیار دۆلار بەرزى دەکاتەوە.

تورکیا بۆ بەرزکردنەوەى قەبارەى هەناردەى شمەک و کاڵاکانى بۆ عێراق، چاوى لە تەواوبوونى پڕۆژەى رێگاى گەشەپێدانە، لەوبارەیەوە عومەر بۆلات دەڵێت "پێشبینی دەکرێت قەبارەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ماوەیەکی نزیکدا بگاتە 15 ملیار دۆلار، لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانیش لە ساڵی 2030دا بگات بە 20 ملیار دۆلار.

وەزیرى بازرگانیى تورکیا ئەوەشی خستە روو، ئەنجومەنی پەیوەندییە ئابوورییە دەرەکییەکانی تورکیا و فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانییەکان لە عێراق سێ رێککەوتن لەبواری بازرگانیدا واژۆ دەکەن، کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیشیان تێدایە.

سەبارەت بەوەی ئایا سەردانەکەی ئەردۆغان مەترسى لەسەر دەروازەى ئیبراهیم خەلیل دروست دەکات؟ لەو چاوپێکەوتنەیدا عومەر بۆلات رایگەیاندووە "دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە تەنیا توانای ئەوەی نەماوە مەرجەکانی زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات دابین بکات، بۆیە دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوامە بۆ کردنەوەی دەروازەیەکى نوێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا".

ئ.ز

 
2024-04-20
زیاتر...