"سۆمۆ" گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان كردووه بۆ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم، به‌ر له دوو رۆژ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق سه‌رله‌نوێ داوای له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی راده‌ست بكات و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی به‌ستوه‌ته‌وه به‌چاره‌سه‌ر ئه‌م گرێبه‌ستانه‌وه، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا وه‌زیری نه‌وتی فیدراڵ ئاشكرای ده‌كات سورن له‌سه‌ر هێنانی غازی كێڵگه‌ی كۆرمۆر.
حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق كه هاوسه‌فه‌ری محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانه له گه‌یشته‌كه‌یدا بۆ ئه‌مریكا، له‌چاوپێككه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (الحره)ی ئه‌مریكی رایگه‌یاند، هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق (مه‌به‌ستی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه) بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان، به‌بڕیارێكی توركی راگیراوه، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، ئه‌و دادگایه سزای دارایی به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاند، به‌هۆی ئه‌وه‌ی بۆرییه‌كان و به‌نده‌ره‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك به‌كارهێنابوو كه دوور بوو له رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراقدا.
"به‌هۆی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن توركیاوه، به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌و كێڵگانه راوه‌ستا كه ده‌كه‌ونه هه‌رێمی كوردستان و له‌لایه‌ن كۆمپانیا ئه‌مریكی و نا ئه‌مریكییه‌كانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن" وه‌زیری نه‌وتی عێراق كه هاوكات جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیشه بۆ كاروباری وزه وای وت.
حه‌یان عه‌بدولغه‌نی ده‌ڵێ:" چه‌ندین دانوستانی جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ برایان له هه‌رێمی كوردستان كراوه به ئامانجی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ی نه‌وت له به‌نده‌ری جه‌یهانی توركییه‌وه، سه‌ره‌تا لایه‌نی توركی ئاگاداریكردین زیان به‌ر بۆرییه‌كه كه‌وتووه به‌هۆی ئه‌و بومهرلهزهی كه هاوكات له‌گه‌ڵ راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت روویدا، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركی به‌رده‌وام بوو، هه‌وڵماندا پشكنین بۆ بۆرییه‌كه بكه‌ین، به‌ڵام برایانی توركیا ره‌تیانكرده‌وه، دوای چه‌ند مانگێك ره‌زامه‌ندییان نیشاندا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌فدێكی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق پشكنین بۆ شوێنی زیانه‌كه بكات، وه‌فده‌كه‌ی عێراق بۆیان ده‌ركه‌وت شوێنی زیانی بۆرییه‌كه دیار نییه، دوای سێ بۆ چوار مانگ برایانی توركیا ئاگاداریان كردین له‌وه‌ی بۆرییه‌كه ئاماده‌یه بۆ هه‌نارده‌كردن و لایه‌نی عێراقی ده‌توانێت نه‌وتی خاو له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه هه‌نارده بكات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد" لایه‌نی توركیمان ئاگاداركرده‌وه له‌وه‌ی له‌لایه‌نی سێیه‌مه‌وه پشكنینمان بۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین له سه‌لامه‌تی بۆرییه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی پێوه‌ره جیهانییه‌كان بێت، به‌ڵام تائێستا بڕوانامه‌یه‌كی پشكنینمان بۆ بۆرییه‌كه به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌و لایه‌نی توركیش داوای لێنه‌كردووین به‌شداربین له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بۆرییه‌كه‌دا".
"ئێمه داوامان له برایان له هه‌رێمی كوردستان كردووه ده‌ست به به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بكه‌نه‌وه، به‌ڵام وه‌به‌رهێنان ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌دا بێت، كۆمپانیا بیانییه‌كان نه‌وت به‌رهه‌م بهێنن و راده‌ستی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق سۆمۆ بكه‌ن و له به‌نده‌ری جه‌یهان سۆمۆ گرێبه‌ستی فرۆشتنی ئه‌و نه‌وته بكات، ئه‌م بابه‌تانه له‌گه‌ڵ برایان له هه‌رێم رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام ئه‌و خاڵه‌ی كه تائێستا رێككه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌كراوه بریتییه له خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له هه‌رێم، ئه‌و خه‌رجییه‌ی كه به‌پێی گرێبه‌سته‌كان داوا ده‌كرێت و له‌لایه‌ن برایانی هه‌رێمه‌وه ئاگاداركراوینه‌ته‌وه له ده‌وروبه‌ری 26 دۆلاردایه بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، ئه‌مه له‌كاتێكدایه له یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا ئه‌و خه‌رجییه‌ی دیاریكراوه 7 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك تێپه‌ڕ ناكات، بۆیه ده‌بێت رێككه‌وتن هه‌بێت له‌سه‌ر میكانیزمی ئه‌ژماركردنی خه‌رجی، داوامان له برایانی هه‌رێم كردووه گرێبه‌سته‌كانمان بۆ بنێرێت بۆ دیراسه‌كردنی ئه‌و خه‌رجیانه‌و مه‌رجی گرێبه‌سته‌كان، بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یاسای عێراقیدا بگونجێنرێن، به‌ڵام تائێستا ئه‌و گرێبه‌ستانه‌یان راده‌ست نه‌كردووین".