ئابوری

به‌غدا له‌سه‌ر غازى هه‌رێم هاته‌ده‌نگ


نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان تەنها رێککەوتن لەسەر تێچوونی بەرهەمهێنان و گواستنەوە ماوە، لەبارەی گازی سرووشتیش دەڵێت، گازی کوردستان 30٪ هەرزانترە لەوەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت. 
 
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق دیدارێكى له‌ گه‌ڵ کەناڵی "ئەلحوڕە عێراق)ی ئەمریکی وتی، "ئێمە ئامادەین بۆ بەرهەمهێنان و یەکسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە سوودی بۆ هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا نەوتییەکان و دەوڵەتی عێراقیش دەبێت".
 
دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان لەساڵی 2023، تورکیا پاساوی زیان بەرکەوتن بە بۆریی گواستنەوەی نەوتەکەی بەهۆی بوومەلەرزەوە هەبووە، وەزیری نەوت وتی، تورکیا رێگەی پێنەداون ئەو کات بۆرییەکە بپشکنن.
 
"دوای چەند مانگێک تورکیا رازی بوو و شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق پشکنینیان بۆ بۆرییەکە کرد و دەرکەوت زیانی پێنەگەیشتووە." ئەمە قسەی وەزیری نەوتی عێراقە کە پێچەوانەی لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی تورکیایە کە پێشتر دەیانوت، عەبدولغەنی دەڵێت:"پێش چوار مانگ تورکیا پێیڕاگەیاندین بۆرییەکە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئامادەیە".
 
عێراق داوای لە تورکیا کردووە، لایەنی سێیەم بۆرییەکە بپشکنێت و بێ کێشەیی بسەلمێندرێت، بەڵام بە وتەی وەزیری نەوت، "تائێستا نەکراوە".
 
بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە رۆژانە 400 هەزار بەرمیلە و لە 25ـی ئاداری 2023ەوە راگیراوە، هەناردەی نەوتی باشووری عێراقی زیادکراوە.
 
تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت کێشەی سەرەکیی رێککەوتنی هەولێر و بەغدایە، عەبدولغەنی لەوبارەیەوە دەڵێت: "وەک لە هەرێمی کوردستانەوە پێمان راگەیێندراوە، تێچووی بەرمیلێک دەگاتە 26 دۆلار، لەکاتێکدا لای ئێمە ناگاتە 7 دۆلار."
 
لە 13ـی نیسانەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە واشنتنە، جگە لە بابەتی سیاسی، پرسی ئابووری (نەوت و دارایی)، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە باسکردووە. پێش سێ رۆژ داوای گرێبەستە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە. وەزیری نەوت دەڵێت: "داواکردنی گرێبەستەکان بۆ گونجاندنیانە لەگەڵ یاسای بودجە و یاساکانی عێراق."
 
حەیان عەبدولغەنی کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقیشە بۆ کاروباری وزە، گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی بۆ پێدانی گازی سرووشتی کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات و باسی هۆکاری راگرتنەکەشی دەکات: "بۆ هاوردەکردنی 100 ملیۆن مەتر پێ سێجا گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، لەگەڵ کۆمپانیای "کریسێنت" گرێبەست کراوە، بەڵام ناکۆکیی لەنێوان کۆمپانیاکە و هەرێمی کوردستان لەسەر بڕەکەی هەیە."
 
بۆرییەکە و خاڵەکانی گواستنەوە و هەموو وردەکارییەکانی گرێبەستەکە تەواوبوون و تەنانەت نرخەکەشی دیاریکراوە، بەپێی وەزیری نەوت 30٪ لە بەهای ئەو گازە هەرزانترە کە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت.
 
بەپێی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان - ئەپیکۆر، زیانەکانی راگرتنی نەوت لە 13مانگی رابردوودا زیاتر لە 12 ملیار دۆلارە.
2024-04-18
زیاتر...