کوردستان

پێشنیازێك لە مەسعود بارزانیەوە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان


نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە کۆبونەوەى لەگەڵ سەرۆکى پارتى جەختیشی لە پێویستیی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و پێشنیارى کردووە، تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكیانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە.

بارەگاى بارزانى بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد و لە دیدارەکەدا پلاسخارت ڕایگەیاند، لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و جەختیشی لە پێویستیی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و وتى: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بێی پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بارزانى ڕایگەیاندووە، کە دادگاى فیدڕاڵ شوێنی دەستەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین و بە شێوەیەك نین كە ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگیرێت و بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە نوێنەرایەتیكردنیان زیانێكی زۆر گەورە بەو پێكەوەژیانە دەگەیێنێت كە گەلی كوردستان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە.
سەرۆکى پارتى جەختی لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە، بەڵام هەڵبژاردنێك كە تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و ئازاد و شەفاف بێت و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و دیزاینی پێشوەختەی دەرئەنجامەكان.

لە دیدارەکەدا بارزانی ئاماژەى بە بارودۆخی عێراق کرد و جەختی كردەوە، كە لە عێراقدا ڕێككەوتنەكان پێشێل دەكرێن، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان لە كاتی پێكهێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو و تا ئێستا هیچ یەك لە خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراون.

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند، كە كێشەی مووچەی لە ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش باس كردووە  و ناكرێ جیاوازیی نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق هەبێت و لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت بابەتی مووچە و شایستەداراییەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق باس بكات.

هەروەها پێشنیاریشی كرد، بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكیانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە.
2024-04-03
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.