جیهان

ژمارەى کوژراوانى بۆردوومانى کونسوڵخانەى ئێران لە دیمەشق بەرزبووەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

ژمارەى کوژراوانى هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەى ئێران لە دیمەشق بۆ 11 کەس بەرزبووەوە، کە تیایدا چەند کەسێکی نزیک لە دەسەڵاتی محمەد رەزا زاهیدی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران بوونیان هەیە.

روانگەى سووریا بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، ژمارەى کوژراوانى هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەى ئێران لە دیمەشق بەرزبووەتەوە بۆ 11 کەس، کە هەشتیان ئێرانى و دوانیان سەر بە حیزبوڵاى لوبنان و یەکێکیش بە رەگەز سوورییە.

هەر بەگوێرەی روانگەی سووریا، محەمەد رەزا زاهیدى، فەرماندەى فەیلەقى قودس لە سووریا و لوبنان و فەڵەستین و جێگرەکەیى و بەرپرسى نوسینگەکەى و چەند راوێژکارێکى ترى ئێرانى لەناو کوژراوەکاندان.

بۆردوومانەکەى ئیسرائیل جگە لە کاردانەوەى سووریا و ئێران، کاردانەوەى ژمارەیەک وڵاتى دیکەشى لێکەوتووەتەوە، لەوانەش وەزارەتى دەرەوەى عێراق، وەزارەتى دەرەوەى سعودییە، قەتەر، پاکستان، ئوردن و رووسیا، حیزبوڵاى لوبنانیش لە راگەیەندراوێکدا، هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە بەبێ وەرگرتنى سزا و تۆڵەکردنەوە دەربازیان نابێت.

بەپێی ئامارەکانى روانگەى سووریا بۆ مافەکانى مرۆڤ، لەسەرەتاى ئەمساڵەوە ئیسرائیل 30 هێرشى ئاسمانى و زەمینى کردووەتەسەر سووریا بەهۆیانەوە 59 دامەزراوە و کۆگاى چەک کراونەتە ئامانج و 126 سەرباز کوژراون و 46ى دیکەش برینداربوون. کە 21یان بە رەگەز ئێرانى و 20 یان سەر بە حیزبوڵاى لوبنان و 12یان بە رەگەز عێراقى بوون.

ئ.ز

 
2024-04-02
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.