کوردستان

وتەبێژی دارایی هەرێم: بۆ ناردنی لیستی مووچەی مانگی شوبات نوسراوی بەغدامان پێنەگەیشتوە

نها- نیوز

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند: پێشتر لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێممان بۆ بەغدا ناردوە، بەڵام تائێستا بۆ ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە نوسراومان پێنەگەیشتوە بینێرن.

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردستان 24ی رایگەیاند " بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و لێدوانەكانی تەیف وەزیری دارایی عێراق، بەنووسراوی فەرمی نەگەیشتوونەتە دەست ئێمە لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆیە ناتوانین بڵێین چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكان دەكەین".

وتیشی "لەمانگی 10ی ساڵی 2023 دا لیستی مووچەمان پێشكەشی پەرلەمانی عێراق كردوەو ژمارەی مووچە خۆرانی هەرێم ملیۆنێك و 114 هەزارو 194 مووچەخۆرەو كۆی مووچەی مانگانەی سەرجەیان 913 ملیار دینارە"

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم دەشڵێت "وەك وەزارەتی دارایی بەدەرنین لەكەموكوڕی، بەڵام وەڵامی سەرجەم ئەو رەخنەو تێبینیانەمان داوەتەوە كە وەزارەتی دارایی عێراق بەنوسراو بۆی ناردوین، بەتایبەت لەبارەی ئەوەی خەڵك هەیە لەلیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خانەنشینەو لەهەمانكاتدا فەرمانبەر بووە، خەڵك هەیە دوو مووچەو سێ مووچەی هەیە، بەڵام ئەوە بەپێی یاسا كراوە".

لەبارەی كردنەوەی كارتی بانكی بۆ فەرمنبەرانیش، وتی "پرۆژەی (هەژماری من)ی ئێمە زۆر لەو سیستمی كی كارتەی عێراق باشترە كە مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابەشدەكەن، پرۆژەكەشمان پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق نیە".
 

2024-02-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.