کوردستان

كۆڵبەرێكی دیكەی كورد كوژرا

نها- نیوز

هێزە ئەمنیەكانی ئێران لەسنوری شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان تەقەیان لە دوو كۆڵبەری كورد كردو یەكێكیان كوژراوە.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە "شەوی رابردوو سەید جەعفەر فەرەجی كۆڵبەری خەڵكی گوندی دەورە قەڵای شاری سەقز لە كاتی كۆڵبەریدا لە سنوری هەنگەژاڵی شاری بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەكانی ئێران كوژراوە".

سەید جەعفەر فەرەجی تەمەن 42 ساڵ، خێزاندارو باوكی دوو منداڵ بوە، سەرچاوەیەكی ئاگاداریش بە رێكخراوی هەنگاوی وتوە "تەرمی ئەم كۆڵبەرە لە ئێستادا بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە شاری بانە گواستراوەتەوە".

ئەوەشی خستوەتەڕوو كە كۆڵبەرێكی دیكەی خەڵكی سەقز بە ناوی سالار لەگەڵ سەید جەعفەر بوەو بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنیەكانی ئێرانەوە بریندار بووەو بۆ ناوەندە تەندروستیەكان گواستراوەتەوە.

بە پشتبەستن بەئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامارو بەڵگەنامەكانی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ساڵی 2023دا 22 كۆڵبەر لە سنورەكانی شاری بانە كوژراون و 116 كۆڵبەری دیكەش برینداربون.

2024-02-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.