کوردستان

جارێکی دیکە رۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکی لە دهۆک دەستگیرکرایەوە

نهانیوز- هەواڵەکان

ئەمڕۆ23ی شوباتی 2024، ئەیهان سەعید، چالاکوانی مافی مرۆڤ رایگەیاند: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنیی پارێزگای دهۆک چوونەتەسەر ماڵی رۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکی، دەستگیریانکردوە و بۆ بنکەی چاکسازی زرکایان گواستووەتەوە".
رۆژی 23ی مانگی رابردوو، چاکسازیی گەوران بەتۆمەتی ناوزڕاندن لە شاری دهۆک سکاڵای لەسەر ئومێد بەرۆشکی تۆمارکرد.
ئومێد بەرۆشکی لەو کاتەدا گوتبووی، مەلا نەزیر، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان "کەنەکە" لە چاکسازیی گەورانەوە لە دهۆک رفێندراوە و گواستراوەتەوە بۆ بارەگای ئاسایش.
ئەیهان سەعید باسی لەوەشکرد، دەستگیرکردنی ئومێد بەرۆشکی نایاساییە و هیچ ناوزڕاندنێکی نەکردووە، چونکە هەواڵی رفاندنی مەلا نەزیر راستە و کەسوکاریشی ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە.
ئەم چالاکوانە وتیشی، "دەستبەسەرکردنی ئومێد بەرۆشکی بەشێکە لەو پرۆسە نایاساییەی کە پارتی جێبەجێی دەکات لەبەر ترسی خەباتی مەدەنی و شکستهێنانی لە ناوچەی بادینان".
رۆژنامەوان ئومێد بەرۆشکی یەکێک بوو لە دەستگیرکراوانى بادینان، پێشتریش چەند جارێک دەستبەسەر و دادگایی کرابوو، رۆژی 21ی تەممووزی 2023 بەبڕیاری دادگای هەولێر ئازادکراوە.

2024-02-22
زیاتر...