کوردستان

محەمەد حاجی مەحمود: بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لێدانی بزمارە لە تابوتی قەوارەی هەرێم

نهانیوز- هەواڵەکان

محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی رایگەیاند:بڕیارەكان خەنجەرێكی ژەهراویە لە پشتی كوردو قەوارەی سیاسی كوردستان و قبوڵكردنی بڕیارەكانیش لێدانی بزمارە لە تابوتی قەوارەی سیاسی كوردستان.
محەمەد حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لەبارەی بڕیارەكانی دوێنێی دادگای فیدراڵی عێراق، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژە بەوەدەكات، "بڕیارەكەی دادگای بەغدا لە 21/2/2024 لەسەر موچەو بودجەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پەراوێزەكانی، بڕیارێكی سیاسی و پڕ لە رقوكینەبوو دژ بەهەرێمی كوردستان و قەوارەی سیاسی هەرێم و گەلی كوردو دژی دیموكراسی و مافی كەمایەتی و دەستخستنە ناو دام و دەزگاكانی هەرێمی كوردستانە".
سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكرات دەشڵێَت "پەرلەمانی كوردستانی كەمتر لە دەسەڵاتەكانی مەجلیسی تەشریعییەكەی بەعسی عێراق و مەنتیقەی حوكمی داناوەو هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان خەنجەرێكی ژەهراویە لە پشتی كوردو قەوارەی سیاسی كوردستانی داوە".
لەبارەی بڕیارەكەی دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتان، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت"هەڵوەشاندنەوەی 11 كورسی پێكهاتەكان سەربڕینی دیموكراتی و مافی كەمایەتییەكانی كوردستانە".
"رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە بەغداد وشكردنی سەرچاوەی داهاتی هەرێم و پاڕانەوەو دەستپانكردنەوەیە لە بەغداد و بە زەلیلی، بەهیچ شێوەیە ناونەهێنانی وەزارەتی دارایی هەرێم و هەر فەرمانگەیەكی هەرێم راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستانە، بۆیە قبوڵكردنی ئەم بڕیارە ناڕەوایە لێدانی بزمارە لە تابوتی قەوارەی سیاسی كوردستان" محەمەد حاجی مەحمود وا دەڵێت.

2024-02-22
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.