نهانیوز- ههواڵهكان
وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند تەقینەوەی بۆرییەكانی غاز لە ناوچەكانی بروجن و بەختیاری كردەوەی تیرۆریستی بووە.
جەواد ئەوجی وەزیری نەوتی ئێران لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی تەقینەوەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ كە لەبۆرییەكی غازدا روویدا، رایگەیاند "ئەو تەقینەوانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە تۆڕی هێڵی گواستنەوە لە سێ ناوچەی فارس روویاندا كردەوەی تیرۆریستی بوون".
وەزیری نەوتی ئێران لەپەراویزی كۆبونەوەی كابینەی حكومەتی ئێران وتیشی "ئێمە خۆمان ئامادەكردبوو بۆ هەر پێشهاتێك لە هێڵەكانی گواستنەوەی غاز، لەبەرئەوە زۆر بەخێرایی چارەسەرمان كرد".
"تائێستا هیچ گروپێك بەرپرسیارێتی خۆی لەم هێرشە رانەگەیاندوە" وەزیری نەوتی ئێران وا دەڵێت.
هاوكات ئاژانسی تەنسیم لەبارەی رووداوەكە راپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوەو ئاماژەی بەوەداوە " بەرە بەیانی ئەمڕۆ لەچوار هێڵی غازی نیشتمانی كە دووانیان بەشاری بورجوندا تێدەپەڕن تەقیونەتەوە".
بەوتەی ئیسماعیل یەزدانی بەرپرسی ئاگركوژێنەوەی برجون، لە رووداوەكەدا هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
لای خۆشیەوە فەتاح كەریمی پارێزگاری برجون رایگەیاند "تەقینەوەی بۆرییەكان بووەتە هۆی گیرانی ڕێڕەوی نێوان برجون و خوزستان".
بەڵام پیچەوانەی ئەوە وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند "لەسەرەتای تەقینەوەی بۆرییەكان، هاوكارانم بەخێرایی رێڕەوی گواستەنەوەی گازەكەیان گۆڕیوەو تیمەكانی ئۆپەراسیۆنیش رەوانەی شوێنی ڕوداوەكان كراون و هیچ زیانێكی گیانی نەبووە".