هەواڵ

بەرگری ئەمریكا: لەعێراق پلانی كشانەوەی هێزەكانمان لەئارادانییە

نهانیوز- هه‌واڵه‌كان

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رایگەیاند: هێزەكانمان لە عێراق لەئەركەكانیان بەردەوامن و پلانی كشانەوەمان نییەو لەسەر داوای عێراق ماونەتەوە.
پاتریك رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند "هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لەئەركەكانیان بەردەوامن و پلانی كشانەوەیان نییە".  
 وتیشی " ئاگادارنین حكومەتی عێراق داوای كشانەوەی ‌هێزەكانی ئەمریكای كردبێت  و ئەوان لەسەر داوای عێراق ماونەتەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش" . 
"گفتوگۆكانی 11ی ئەمە مانگەش لەبارەی شەڕی دژی داعش و هەماهەنگی ئەمنی و تەكنیكی نێوان عێراق و واشنتۆن بووە" وتەبێژی پنتاگۆن وا دەڵێت.  
ئەوەشی خستوەتەڕوو " گۆڕینی ئەركەكانی هێزەكانی هاوپەیمانی لە عێراق لەلایەن جۆ بایدنەوە چاودێری دەكرێن  و پێداچونەوەیان بۆ دەكرێت". 
لێدوانەكەی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەكاتێكدایە كە لێپرسراوانی عێراق چەندینجار باسیان لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان كردووەو بۆ ئەو مەبەستەش لەچەند رۆژی رابردودا ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق ئیمزایان كۆكردەوە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق.

2024-02-13
زیاتر...