تەندروستی

به‌كارهێنانی ڤیاگرا له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ مه‌ترسیی له‌سه‌ر چاوه‌كان دروستده‌كات



توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئادانا دەریخستووە بەکارهێنانی ڤیاگرا لەلایەن پیاوانەوە دەبێتەهۆی دروستبوونی گرفت لە چاوەکاندا.

ڤیاگرا یەکێکە لەو دەرمانانەی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی رەپنەبوونی چووک لەلایەن پیاوانەوە بەکاردەهێنرێت، وەک هەر دەرمانێکی دیکە کۆمەڵێک لێکەوتی نەخوازراوی هەن، نوێترین توێژینەوەش کە لە تورکیا کراوە دەریخستووە، دەرمانەکە بە نەرێنی کاردەکاتە سەر چاوەکان.

د. جونیێت کاراسلان، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو و یەکێک لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە دەڵێت، " ئەو پیاوانەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەرمانی ڤیاگرا وەردەگرن، لەوانەیە لە داهاتوودا گرفتیان لە چاوەکانیان بۆ دروستببێت، بەڵام دەتوانرێت رێگە لەم گرفتە بگیرێت ئەگەر دەرمانەکە بە بڕێکی کەم بەکاربهێنرێت."

توێژینەوەکە لەسەر ژمارەیەکی کەمی پیاو ئەنجامدراوە کە ژمارەیان 17 کەس بووە، پزیشکان بۆیان دەرکەوتووە 24 بۆ 48 کاژێر دوای ئەوەی پیاوەکان دەرمانەکەیان وەرگرتووە تووشی لێلبوونی بینایی، هەستیاری بە رووناکی و لێکجیانەکردنەوەی رەنگی سوور و سەوز بووبوون.  پزیشکانی زانکۆ تورکییەکە دەشڵێن ئەم کاریگەرییانەی دەرمانەکە لەسەر چاو، دوای 21 رۆژ نەماون.

زۆربەی ئەو پیاوانەی دەرمانی ڤیاگرا وەردەگرن دەبێت 50 میلیگرام و کاژێرێک پێش سێکسردن بەکاریبهێنن، تاوەکو بڕەکەشی زۆرتربێت درەنگتر لە جەستە دەردەچێت و کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیاتردەبن.

 
2020-02-14
زیاتر...