راپۆرت

سایه‌ كه‌ریم ئۆتۆمێك له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا

ئاژانسی نها;

ئاماده‌كردنی: هه‌وراز ئه‌حمه‌د

ئاژانسی هه‌واڵی نها له‌ رێگه‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌وه‌نی و وه‌رگرتنی بۆچوونی چه‌ند رۆژنامه‌نوسێك و نوسه‌رێك شیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و رووداوه‌ ده‌كات كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ بۆته‌ جێگه‌ی مشتومڕی تۆره‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ ئه‌ویش، ده‌ركه‌وتنی كچێكه‌ به‌ناوی سایه‌ كه‌ریم كه‌ وه‌ك "پۆرنستار" خۆی ناساندووه‌.

کچە گەنجێکى کورد لە سەرەتای ساڵی 2019دا  بە پەرۆشەوە چاوەڕێى ئەوەى دەکرد کە دوومانگى تەمەنى زیاد ببێت و تەمەنى بگاتە ڕێژەى یاساى کە 18 ساڵە بۆ ئەوەى کارێک ئەنجامد بدات کە  لە چەشنى چەکى ئەتۆم دەچێت لە نێو کۆمەڵگاى کوردى و عێراقیشدا، ئەویش بوونە بە (پۆڕنستار)ە، سایە کەریم ئەو کچە بوو کە لە مانگى حوزەیرانى ئەمساڵدا بەشێوەیەکى ئاشکرا و لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و سۆشیاڵ میدیادا ئەوەى ڕاگەیاند، کە دەبێتە یەکەم کچە پۆڕنستارى کورد و تاوەکو ئامادەکردنى ئەم ڕاپۆرتەش لە کارەکەى بەردەوامە و شانازى پێوە دەکات،دیدى کۆمەڵگا جیاوازە بۆ کارەکەى ئەو کچە کوردە گەنجە.

کۆمیسیارێک لە کۆمسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤى عێراقى سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ ده‌ڵێت، مەترسیم هەیە لە نێو کچانى کورد و بەتایبەت جیلى گەنج ئەو کارەى سایە کەریم دەیکات ببێت بابەتێکى چاولێکەرى چونکە زۆربەى گەنجان ئێستا تەماشایى دەکەن وا هەست دەکەن کە شتێکى زۆر ئاسایە

هاوكات دلێر سەلیم- نوسەر، دید و بۆچونى خۆى لە بارەى پۆرنستارى کورد (سایە کەریم )بەم جۆرە دەخاتەڕوو" من وای دەبینم وەڵامی پرسیارێکی ئاوا، کارێکی ئاسان نەبێت، چونکە بیرمان نەچێت ئێمە باس لە مرۆڤ دەکەین مرۆڤ بە هەموو ئاڵۆزییەکانییەوە، بە هەموو پارادۆکسەکانییەوە، بە هەموو پانتایی خەیاڵاتییەوە ئینجا بە رای من، ئەوەی ئێوە پرسیاری لێوە دەکەن، ئەنجامە نەک هۆکار، وای دەبینم، باس لە هۆکارەکانی گرنگتر بێت، ئەگەر لەسەر ئەوە رێکبکەوین باس لە هۆکار بکەین، ئەوا پێویستە سەرەتا بۆ وەڵامی هەندێک پرسیار بگەڕێین. وەک: ئایا بۆچی ئەو کارەی هەڵبژاردووە و پێداویستیی و ئەرک و مافی چییە؟ ئایا شێوازی پەروەردەی خێزانی، فاکتەری سەرەکی دروستبوونی کاراکتەرەکان نین؟ ئایا گۆڕینی شوێن و کۆمەڵگە، هۆکار نین بۆ گۆڕینی مێنتاڵێتی؟ ئایا دەکرێت لە جیهانێکدا بژیت و سمارت فۆنەکەی بە کار بهێنیت و دەی لە پۆرنستارەکەی بکەیت؟ لە هەمووی گرنگتر، جەستە و سێکس چین؟ ئایا ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە لە جێی ئەو کچە باین و لەناو هەموو ئەو گریمانانەی، کە لە وەڵامی ئەم پرسیارانەوە دروست دەبن، ژیاباین، رێی تێ دەچوو ئەو پیشەیەمان هەڵبژاردبا ؟ هەڵبەتە ئەمە لە کاتێکدا، ئەگەر پیشەی پۆرنستار، بە کارێکی ناشیاو بزانین.

هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ خەندان جەزا- چالاکوان و خاوەنى کتێبێکى بەڵگەیە کە باس لە لەشفۆرشى دەکات لە هەرێمى کوردستان بەم جۆرە لە سەر سایە کەریم دەدوێت، من لەو  ووڵاتە دەژیم کە سایە کەریم و خانەوادەکەى لێى دەژین ئەوەیش ووڵاتى نەرویجە، زۆر بەدواداچوونم کردوە بۆ ئەوەى لە نزیکەوە سایە کەریم یان خێزانەکەى ببینم بەڵام هەوڵەکانم بێ ئەنجام بوو، دیدى من لە بارەیە سایە ئەوەیە هەر وەکو تاکێکى گەنج کە لەم کۆمەڵگایە کە کۆمەڵگایەکى سەرمایەداریە و تاکى گەنج و زۆرێک لە تاکەکانى کۆمەڵگا یەکگرتوو نین چونکە کۆمەڵگایەکى خێزانى و دەستە جەمعى نیە ، لێرە تاک بۆ خۆى دەژى وە هێرشى قورسى سۆشیاڵ میدیایى لە سەرە جگە لەوەش هەڵمەتێک هەیە کارى بێزارکردنى کەسى بەرامبەرە جا ئەوە لە قوتابخانە یان لە پۆلەکەى یان هاوڕێکانیەوە بێت بە تووندى ڕوبەڕووى دەبنەوە".

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، من ناڵێم سایە کەریم قوربانیە و لە هەمان کاتیشدا قوربانى نیە بەڵکو سایە گیرۆدەى دەستى ئەو سیستم و ڕێسا و یاسا و تاک ڕەویانەى کۆمەڵگاى خۆرئاوایە کە زۆرینەى گەنجەکانى گرتۆتەوە و بێ هیوان هەروەک ئەوەى کە زۆرێک لە گەنجان لە ئەوروپاوە دەچنە ناو داعشەوە یان پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن، بۆ نمونە ڕێژەى خۆکوشتن لە ووڵاتى نەرویج لە پلەى دووەم دایە زیاتر لە بیست ساڵە هەموو دام دەزگا و پەرلەمانى ئەو ووڵاتە کار بۆ ئەوە دەکەن ئەو ڕێژەیە بۆ کەم ناکات، بۆیە بە تێڕوانینى من سایە کەریم جۆرێکە یان تاکێکە کە بەرکەوتى نا دروستى ئەم کۆمەڵگا تاکڕەوەیە،بۆ نمونە گەنجێک لە کوردستانەوە هەمووپارەیەکى زۆر دەدات و تەنانەت گیانى خۆشى دەخاتە مەترسیوە بۆ ئەوە بگاتە ئەوروپا وا دەزانێت لیرە هەموو شتێک هەیەو بەهەشتە ئەشى وا بێت بەڵام کە هەمووشتێک هەیە و بەهەشتە ئیتر تۆ چێژ لە هیچ نابینیت و نا ئومێد دەبى، لە دیدى مندا سایە کەریم بەداخەوە کۆیلەى ئازار بەخشى ئەو سیستمەیە".

ده‌شڵێت، هەر حاڵەتێکى تازە و نەشاز و نوێى و نامۆ لە کۆمەڵگایەکدا دەردەکەوێت شتێکى زۆر عەجیب و غەریب دەبێت هاوشێوەى ئەوەى کە دەیناسۆرێک بە شاخێکدا دێتە خوارەوە هەموو دونیا تێى دەڕوانێت، ئێمە لە کوردستاندا مەیمونێکمان هەبوو لە نێو باخچەى ئاژەڵان هەبوو ڕۆژانە چەند لە خەڵکى ئێمە سەردانى ئەو مەیمونەى دەکرد،بەهەموو شێوەیەک ئازاریان دەدا و کردارى ناشرینیان ڕووبەڕووى دەکردەوە چونکە مەیمون یەکەم جاربوو هێنرابوە کوردستان بۆیە کە لە کوردستان شتێکى نامۆ دەردەکەوێت لە هەر بوارێکدا زۆرینەى کۆمەڵگاى ڕووى تێدەکات و چاوى دەخاتە سەر، بەجۆرێک خەڵکى زانا و نەزان و ڕوشنبیر و ناڕۆشنبیرەوە ئەمڕۆ سەرقاڵى سایە کەریم ن، ئەو کچە تەنها خودى خۆیەتى و فرۆشیارێکە بەڵام کڕیارەکانى لە ملیۆن تێدەپەڕێت بینەرەکانى لە ملیۆن تێپەڕیوە وە ئەوانەش هەموو کوردن و لە داخلى کوردستاندان ئەمە کێشە گەورەکەیە.

ئه‌و چالاكوانه‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌ ئێستا بە پێى یاسى سزادانى عێراقى سایە کەریم تاوانبارە و تاوانە گەورەکەش دەکەوێتە سەر ئەستۆى ئەو کەسانەى کە پشتگیر و هاندەرین و داڵدەیانداوە ئەو کەسانە سزاکەیان دەگاتە سەرووى 15 ساڵ زیندانى کردن ، ئەگەر سایە خۆشى ڕەزامەندى تەواوى هەبێت بەڵام کەسێک بێت پشتگیرى بکات ئەوەیش هەر تاونبارە و دەبێت سزا بدرێت، لەلایەکى دیکەشەوە سزاى کەسێکێک دیار کراوە کە سایتێکى ئیلکترۆنى دابنێت بە نیازى ئەوەى کە کارى سێکسى تێدا بڵاو بکاتەوە ئەوا بە لایەنى کەم سزاکەى 3 ساڵ زیندانى کردنە، ئەگەر ماوەى سزاکەى تەواوکرد و  سەلماندى کە وازى لەو کارە هێناوە ئەوا ئازاد دەکرێت ، بەڵام تەنها ئەمە بەس نیە بۆ چاکسازى کردن  تێدا ،دەبێت هەلى کارى بۆ بڕەخسێنرێت و چاودێرى بکرێت بۆ ئەوەى کە چووە دەرەوە دیسانەوە ناچار نەبێت بگەڕێتەوە بۆ هەمان ئەو کارەى کە کردویەتى".

ده‌رونناسێكیش ده‌ڵێت، سایە، کارێکی ئەخلاقی کردووە  چونکە لە سۆسیۆلۆژیاو فەلسەفەدا ، سێکس ئەخلاقی یان بێ ئەخلاقی بە ئینسان نابەخشێت.

دارا ئەنوەر زۆراب- کۆمەڵناس، راِشکاوانە لە بارەى سایە کەریمەوە  ڕایگەیاند، سایە، کارێکی ئەخلاقی کردووە  چونکە لە سۆسیۆلۆژیاو فەلسەفەدا ، سێکس ئەخلاقی یان بێ ئەخلاقی بە ئینسان نابەخشێت، هەرشتێک گەورەیی و جوانی مرۆڤ لەکەدار بکات و شکۆوو کەرامەتی مرۆڤ بشکێنێ ئەوە بێ ئەخلاقیە ، بەواتە ئەوانەی دژ بە پۆرنستاری کوردن لە چوارچێوەی بێ ئەخلاقی دان لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆژیادا.

لەم بەدواداچونەدا بە کورتى تیشک دەخرێتە سەر مێژووى لەشفرۆشى و هاوکات جیاوازى کارى پۆرنستارى و لەشفرۆشى دەخرێتە بەر باس.

دلێر سەلیم – نوسەر هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک سەرچاوەى مێژووى کە باسى چێژفرۆشى دةكات و ده‌ڵێت، ئەوەندەی من ئاگادار بم، ساڵی ٢٠١٨ زانکۆی (هارڤارد)ی ئەمریکی، ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی لە سایتی (Phys.org) بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتبوو: کۆنترین پیشە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چێژفرۆشی نییە، بەڵکو (سیحر)ە، چونکە لە بەرەبایانی مێژوودا باوەڕیان وابووە کەسی (ساحر) توانای بارانبارین و چاککردنەوەی نەخۆشی هەیە و بەخت، یاوەری راوچی دەکات، لەو سەردەمەیشدا ئەو شتانە بۆ کۆمەڵگە گرنگتر بوون، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لەبارەی چێژفرۆشییەوە رای کۆکی لەسەرە ئەوەیە، کە رەگی چێژفرۆشی لەناو ئاییندایە، واتە سەرەتا ئەرکێکی ئایینی بووە، لە وڵاتی بابل، باوەڕی ئایینیان وا بووە، پێویستە هەموو مێینەی وڵات، لە ژیانیدا لانی کەم ئەگەر بۆ جارێکیش بووە، لە بەردەم پەیکەرەکەی (عەشتار)دا، لە نزیک ئەو ژنانەی، کە بۆ چێژفرۆشتن بۆ ئەوێ هاتوون، دابنیشێت و خۆی پێشانی ئەو پیاوانە بدات، کە بۆ جووتبوون، لەوێ ئامادە دەبوون، ژنانی هەژار و دەوڵەمەند، لەم ئەرکەدا یەکسان بوون و تاکە جیاوازیی پێگەی چینایەتییان ئەوەبووە، کە ژنانی سەروەتمەند، بە گالیسکە و دەسوپێوەندەوە بۆ ئەوێ دەهاتن، پیاوانیش، بە ناو ژنەکاندا دەگەڕان و دڵیان، هەر ژنێکی گرتبا، بڕێک پارەیان پێ دەدا و لەگەڵی جووت دەبوون، دواتر لە ئایینەکانی تردا شێوە و شێوازی تری وەرگرتووە ، تا بە ئایینە ئاسمانییەکان گەیشتووە، بە بڕوای من هاتنی ئەوانەیشی پێیان دەوترێت ئایینە ئاسمانییەکان، نەک نەیانتوانیوە بەر بە کاری چێژفرۆشی بگرن، بەڵکو هەوڵیان داوە لەگەڵ خۆیان بیگونجێنن، لەوانەیش، هەردوو (هاوسەرگیری موتعە) و (هاوسەرگیری گەشتیاری) لای شیعە و سوننەی ئایینی ئیسلام، لە وڵاتانی پێشکەوتوویشدا، لە ئێستادا شکڵی کۆمپانیای وەرگرتووە و بە یاسا دەپارێزرێت، هەڵبەتە رێکخستن و بەربڵاوی و سنوورداربوونی، بەپێی یاسای ئەو وڵاتانە، گۆڕانکاری بە سەردا دێت.

ئایا ئەوەى سایە کەریم دەیکات لە داهاتوو دەبێتە بابەتێکى چاولێکەرى؟

سامان سەنگاوى- مامۆستاى ئاینى،ئەوەى نەشاردەوە کە لە ئێستا سایە کەریم بینەرەکانى لەلایەن خەڵکى کوردستانەوە لە ملیۆن تێپەڕیوە، بۆیە ئەوەى بە مەترسیەکى جدى ناوبرد کە ئەگەر بێت و کەیسەکەى سایە کەریم بە یاسا چارەسەر نەکرێت ئەوا دوور نیە لە ئایندەیەکى نزیکدا گەنجانى دیکەش چاوى لێبکەن، وەکو چۆن ئێستا ماددەى هۆشبەر بۆتە هەڕەشە لەسەر گەنجان و چارەسەر کردنى لە دەست دەرچوە ، دوور نیە ئەگەر بەر بە سایە کەریم نەگیرێت گەنجێکى زۆر هەمان ڕێچکە هەڵبژێرن".

د. بەسمە محەمەد- کۆسیار لە کۆمسیۆنى مافى مرۆڤى عێراق ڕایگەیاند" ئەوەى دەیبنم لە ئێستادا من مەترسیم هەیە لە نێو کچانى کورد و بەتایبەت جیلى گەنج ئەو کارەى سایە کەریم دەیکات ببێت بابەتێکى چاولێکەرى چونکە زۆربەى گەنجان ئێستا تەماشایى دەکەن وا هەست دەکەن کە شتێکى زۆر ئاسایە ، ئەمەش وەکو تاوانێک وایە کە پیاوێک ژنەکەى خۆى دەکوژێت و لە ڕڕگەیاندنەکانەوە بە تەواوەتى ورد و درشتى باس دەکرێت دواى چەندین ڕۆژ تەماشا دەکەیت تاوانێکى هاوشێوە ئەنجام دراوە، بۆیە ئەمەش وایە زۆرجار مرۆڤ بێ ویستى خۆى هەندێک بابەت دەچێتە مێشکیەوە وا هەست دەکات کە شتێکى کردوە ئەو کات ڕێژەى تاوان و کوشتنى ژن زیاد دەکات ئەوەى چەندین ساڵە کۆمەڵگاى مەدەنى چالاکوانان هەوڵى بۆ دەدەن دۆخەکە دێتەوە سەر خاڵى سفر ، ئەم کچە سوودى لەوە بینیوەکە وەکو کوردێک خۆى ناساندوە و دەیەوێت لەو ڕێگایەوە سەرکەوتنى خۆى مسۆگەر بکات کە ڕێک ئەوەشى دەست کەوت، وەکو چۆن لە نێو عەرەبدا (مایا خەلیفە ) هەبوو کە کچە عەرەبێکى موسڵمان بوو ئەو کاتەى  کە دەستى دایە پۆڕن کردن وەک بۆمبێک تەقیەوە هێندە غەریب بوو سایە ش هەمان ڕێگاى گرتەبەر بەڵگەش بۆ ئەوە بینەرێکى زۆر زۆرى هەیە کە ئەمە کێ تەماشاى دەکات خەڵکێکى بیناى تەماشاى ناکات چونکە بە کوردى قسە دەکات بە دڵنیاى هەر هاوزمانەکانى بینەرى کارەکانین، ئەمە جگە لەوەى لە سەر ئاستى عێراق دەنگدانەوەیەکى ئەکجار زۆرى هەبوو لە ڕاگەندنەکانەوە لە نێو خەڵک لە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کە هەندێک بەوە ناوى دەبرد کە کچێکى عێراقى بوە بە پۆڕنستار و هەندێکیش بە کورد ناویان دەبرد چونکە بیرمان نەچێت ئێمە تاوەکو ئێستا وەکو هەرێمى کوردستان لەسەر عێراق هەژمار دەکرێین،ئەگەرچى ئەوە ناشارینەوە کە چەندین باندى لەشفرۆشى  لە شارە جیاجیاکانى عیراقدا بوونى هەی بەڵام ئەوەى بە شێوەیەکى ئاشکرا بێت و بە ئاشکرا بانگەوازى سێکس و پۆڕنستار بوونى خۆى بکا و شانازیشى پێوە بکات سایە کەریم یەکەم کچە ئەم کارەى کردبێت".

ئایا كاره‌كه‌ی سایه‌ كه‌ریم ده‌بێته‌ چاولێكه‌ری؟

له‌و باره‌وه‌ دارا ئەنوەر زۆراب – کۆمەڵناس ده‌ڵێت، نابێتە کاری چاولێکەری، بەڵام لە چەند ساڵی ئاییندە نمونەی سایە زۆر دەبێت ، دەبتە بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردەکڵن.

هاوكات، خەندان جەزا ش، بۆچوونى وابوو"هیچ گرتیەک نیە کە ئەوەى سایە کەریم دەیکات لە نێو کۆمەڵگادا دەبێتە بابەتێکى چاولێکەرى چونکە بابەتى لەشفرۆشى یان پۆڕنۆ لە تەواوى دونیادا زۆر قبوڵکراو نیە، هەتا کەسێکى ئەوروپیش کە دەبێت لەشفرۆش زۆر مەقبولنیە لەلایەن دەوربەرەکەیەوە بەڵام ئیهانە ناکرێت وەکو ئەوەى لاى ئێمە ئیهانە دەکرێت ، کەسوکارى ناخرێتە ژێر بەرپرسیارێتیەوە، بە نمونە من چاوپێکەوتنم هەبوە لەگەڵ کەسێکدا کە خوشکەکەى سۆزانیە و لەشفرۆشى دەکات لێم پرسى کارەکانى خوشکەکەتت پێ چۆنە، لە وەڵامدا گوتى ئەوە پەیوەندى بە منەوە نیە بەڵام دەتوانم بڵێم ئەگەر من لە شوێنى ئەو بم ئەو کارە ناکەم".

سنور تەها- کوڕێکى گەنجە و دەرچووى زانکۆیە دیدبۆچۆنەکانى لە بارەى سایەکەریم دەخاتەڕوو " کاره‌کانی سایه‌ که‌ریم به‌زاندنی ته‌واوی سنووره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌و شکاندنی کۆت و به‌نده‌کانێتی، وازهێنان و پشتگوێخستنی ته‌واوی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییه‌و گوێ پێنه‌دانه‌ به‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌و که‌سێتییه‌ "باش و ڕێک و به‌ئه‌خلاق"ه‌ی که‌ کۆمه‌ڵگه‌ له‌ تاکه‌کانی ئه‌وێت، ده‌ربازبوونه‌ له‌ کۆیلایه‌تی دابونه‌ریته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و گه‌شتنه‌ به‌ ویستی خود، ئه‌مما بوونه‌وه‌ به‌ کۆیله‌یه‌ له‌ژێر سیسته‌مێکی گه‌وره‌تر له‌ سیسته‌می کۆمه‌ڵگه‌، ئه‌ویش که‌پیتاڵیزمه‌! که‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ مرۆڤ ئه‌کات به‌ ئامرازێک به‌ده‌ست خۆیه‌وه‌و هاوشێوه‌ی رۆبۆتێک ئه‌یجوڵێنێ، پۆرنۆگرافیش هیچ نییه‌ بێجگه‌ له‌ به‌رهه‌مێک له‌ به‌رهه‌مه‌کانی که‌پیتاڵیزم و به‌کارهێنانی مرۆڤ به‌و شێوازه‌ی که‌ خۆی ئه‌یه‌وێ بیجوڵێنێ".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ ئێستادا ڕه‌نگه‌ هه‌موو کاریگه‌رییه‌کانی له‌وه‌دا خۆی بینیبێته‌وه‌ که‌ هه‌ڵچوونێکی سۆزداری له‌نێو توێژی گه‌نجدا درووست بکات، به‌ڵام به‌پێی کات ئه‌کرێ کاریگه‌ری جیاواز درووست بکات و ببێته‌ هۆی گۆڕینی ئه‌و کۆده‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که‌ تاکی کورد بۆ په‌یوه‌ندی نێوان ڕه‌گه‌زه‌کان و بۆ سێکس و به‌رکه‌وتنی نێرو مێ هه‌یه‌تی، ئه‌کرێ خێراتر ئه‌م کۆدانه‌ بگۆڕێ و ئاسانتر له‌ تاکی کورد بگه‌یه‌نێ که‌ سێکس به‌شێکی گه‌وره‌ی سروشتی مرۆڤ خۆیه‌تی و پێداویستییه‌که‌ که‌ پێویسته‌ پڕی بکاته‌وه‌ وه‌ک هه‌ر مرۆڤێکی ئاسایی و سروشتی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌کرێ له‌ڕووی فیکرییه‌وه‌ گۆڕانکاری گه‌وره‌یان تێدا نه‌کات به‌ئاسانی، به‌ڵام له‌ڕووی کردارییه‌وه‌ زووتر ڕوو ئه‌دات". 

لە هەمانکاتتدا قوتابیەکەى دیکەى زانکۆ کە نەیوسیت ناوى ئاشکرا بکرێت کە دەکرێت لێرەدا تەنها بە پیت ناوى بهێنرێت(پ،ه) پۆڕنستاربوونى سایە کەریمى وا لێکدایەوە" چیرۆکی سایە کەریم بە تەواوی رون نیە تا ئێستاش یەکلا نەبوەتەوە کە بە خواستی خۆی دەستی بەو کارە کردوە یان لا ژێر فشار و ھەڕەشە پێی کراوە ، بۆیە قسە کردن لەسەری کەمێک سەختە ،ئەگەر بە خواستی خۆی ئەم کارەی کردبێت پاساویش بۆ کارەکەی ئازادی بێت ... بەرای من مرۆڤ ئازاد نییە لە کەمکردنەوەی بەھای خۆی ، فرۆشتنی جەستە بەشێک نییە لە ئازادی و ئەوەی کردویەتی تەنھا سەرکەشیەکی نەزانانە بووە، ئەگەریش لە ژێر فشاری کەسێکدا کردبێتی دوبارە بابەتەکە دێتەوە سەر قوربانی بوونی ئافرەت و بە کارھێنانی ، سوکایەتی کردن پێی بازرگانی کردن لە ژێر ھەرەشەدا، دەنگۆ و ژاوە ژاو زیاتری دروست نەکردووە نەک ھەر ئەم بابەتە ھەموو بابەتەکانی تریش لە کوردستان کاریگەری دروست ناکەن تەنھا ماوەیەک ئەبنە ژاوە ژاو و باسی سۆشیاڵ میدیا و کۆتاییان پێدێت بەڵام کارێکی ھەڵەیە و ھەر جۆرە پاساو یان بیانوویەک بۆ شەرعیەتدان بەمکارەی بێ مانایە جەستەی مرۆڤ زۆر لەوە پیرۆزترە لە پێناو ھیچدا بفرۆشرێت".

د. نگین جەعفەر پزیشکى پسپۆرى بوارى نەخۆشیەکانى ژنان باسى ئەو لایەنە تەندروستیەکانى کارى پۆڕنستارى دەکات"من بەوە دەست پێ دەکەم کە سایە کەریم گەنجێکە لە سەرووى هەژدە ساڵەوەبەپێى یاسا دەتوانێت ئەو کارە بکات کە خۆى دەیەوێت ئیتر چ پۆڕنستارى بێت چ لەسەر دووکانێک کاربکات،دەمەوێت وەکو دکتۆرێکى ژنان زیانە تەندروستیەکانى پۆرنستارى بۆ سایە کەریم و کۆمەڵگاش ڕوون دەکەمەوە، زیانى تەندروستى پۆرنستار ئەوەیە کە توشى چەندین نەخۆشى دەبن ئەگەر پارێزگارى لە خۆیان نەکەن و کۆندۆم بەکار نەهێن لە کاتى سێکس کردندا لەوانە، هەوکردن ،یان نەخۆشیە سێکسیەکان  ئەویش خۆلە نەخۆش(کلامیودیا)یە کە نەخۆشیەکە ئەگەر توشى ببیت و پێى نەزانى زوو چارەسەر نەکرێت ئەوا هێلکە بەرەکان دەسوتێنێت ژن تووشى نەزۆکى دەکات، نەخۆشى (گونوغى) هەیە کە بەهەمان شێوە نەخۆشیەکە لە ڕێگاى سێکسەوە دەگوازرێتەوە و زۆر خراپە، ئەوانەى کارى پۆڕنۆ دەکەن ئەگەر توشبونیان بە نەخۆشى جگەر زیاترە کە مەترسیەکى ئیجگار زۆر دەخاتەسەر ژیانى ئەو کەسە،ئەگەر تووشبونیان بە ئایدز زۆر بەهێزە، ، لەلایەکى دیکەشەوە ئەگەر کۆنۆدمیش بە کاربهێنن ئەگەرى تووشبوونیان بە نەخۆشى بالوکەى زاوزێ بن کە دەبێتە هۆى ئەوەى کۆئەندامى زاوزیى ئەو کەس ناشرین دەکات کە ئەگەر چەندینجار دکتۆر نەشتەرگەریشى بۆ بکات هەر سەرهەڵدەداتەوە،توشى خەمۆکى و نەخۆشیە دەرونیەکانیش دەبنەوە".
بۆیە پێویستە لەسەر ئەو کەسانەى کە کارى پۆرن دەکەن پیاو بێت یان ژن دەبێت پشکنینى پزیشکى بکەن، بەمەش هێشتا دڵنیا نابنەوە کە ئەو کەسە هەڵگرى هیچ نەخۆشیەکى گوزراوە نیە چونکە ئەو کەسەى کە لە فیلمێکى پۆرندا بەشدراى دەکات قومارێک بە جستە و تەندروستى خۆیەوە دەکات، چونکە ئەو پیاوەى کە دەیەوێت لەگەڵ سایە کەریم سێکس بکات پشکنینى ( H.I.V)کردەوە هەفتەیەک پێش ئێستا و ئەنجامەکەى پیشانى کۆمپانیا یان ئەو کەسە دەدات کە کار بۆ سایە دەکەن و کۆندمیش بەکار بهێنێت لە کاتى سێکسەکەدا کۆندمەکە بتەقێت پێى دەچێت سایە توشى نەخۆشى ئایدز ببێت چونکە پشکنینى( H.I.V) کە لە ڕێگاى خوێنەوە دەکرێت پاش سێ مانگ لە تووش بوون بە نەخۆشەیەکە دەردەکەوێت.

لەم کەیسەى سایە کەریمدا پەروەردە چى ڕۆڵێکى هەبووە؟

دلێر سەلیم  نوسەر بەم جۆرە وەڵام دەکاتەوە" جارێکیان تەماشای فیلمێکی دیکۆمێنتاریم دەکرد، کە لەبارەی کاری چێژفرۆشێیەوە چێ کرابوو وتەی یەکێک لەو خانمانە زۆر سەرنجی راکێشام کاتێک پێشکەشکارەکە لێی پرسی: سەرەتا بیرۆکەی ئەم کارەت چۆن بۆ هات؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: کە منداڵ بووم، هەمیشە لە بۆنەکاندا هاوڕێ و کەسوکاری دایکوباوکم، بانگیان دەکردم و بڕێک پارە یان دیارییەکیان بە دەستەوە دەگرت و مەرجی لەئامێزگرتن یان ماچ یاخود دانیشتن لەسەر رانەکانیان، دەکردە مەرجی وەرگرتن منیش بە لێکدانەوەی منداڵانەی خۆم وامدەزانی هەر کەسێک دیارییەک یاخود هەندێک پارە یان هەر شتێکی ترم بداتێ ئەوا حەقی هەیە ماچم بکات یان لەسەر کۆشی دامنیشێنێ یاخود جەستەی لە جەستەم نزیک بکاتەوە ئیتر لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنم هیچ کێشەیەکم لەگەڵ جەستەی ئەوانی تردا نەبوو، ئەگەر هەندێک پارە یان شتێکی بەنرخیان پێ دابام، ئەوەی دەیبینم، تا ئێستا لە تەواوی کۆمەڵگەی کوردی و تەنانەت لە ناو کوردانی تاراوگەیش، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە، لە بۆنە و سەردانە خێزانییەکاندا، هەر ماوە ئەمە جگە لەوەی تا ئێستا نە لە قوتابخانە و نە لە نێو خێزانەکان، باسێک لەبارەی ئەندامەکانی جەستە و ناسینی، بۆ منداڵان نییە خاڵێکی تر کە لە پەروەردەی ئێمەدا بوونی هەیە و کاراکتەری منداڵی وێران کردووە ئەویش: بەهەند وەرنەگرتنی رای منداڵ و نەبوونی دیالۆگ لەگەڵ منداڵ بۆ نموونە: لێکۆڵینەوە تازەکان پێمان دەلێن پێویستە دایک وبابەکان، لە کاتی نانخواردنی ئێوارە، پێویستە هەموو خێزان کۆ بکەنەوە و بەدەم نانخواردنەوە منداڵەکانیان بدوێنن، ئاخر لە لایەک، ئاگاداری هەڵسوکەوتی رۆژانەی منداڵەکانیان دەبن و لە لایەکی تریش منداڵەکانیان موتیڤ دەکەن تا لەنێو خەڵکیدا شەرم لە وتنی رای خۆیان نەکەن، کە تاوەکو ئێستایش لەنێو زۆربەی خێزانە کوردییەکان قسەکردن لەسەر خوان کارێکی ناشیرینە، دەی ئێمە کاتێک منداڵەکانمان نادوێنین و دایەلۆگیان لەگەڵ، لەبارەی هیچ شتێکەوە لەگەڵ ناکەین، ئەوا بەردەوام پێیان دەڵێین، کە ئەو هیچ نییە و توانای لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی نییە و تا ئەبەد گەورەکان، هەموو شتێکن، ئێ ئەگەر ئێمە لە منداڵییەوە منداڵەکانمان، بۆ بڕیار و بەرپرسیارێتی را نەهێنابێت، چۆن دەتوانین داوای ئەو شتانەیان لێ بکەین، کە خۆمان فێرمان نەکردوون، جا ئەوانەی باسم کردن چەند نموونەیەکن لە پەروەردەی خێزان، خۆ ئەگەر تەماشای پەروەردی نێو باخچەی منداڵان و قوتابخانەکان بکەین( حدپ ولا حرج)، ئەگەر تەنها قسە لە سیستێم بکەین، دەبینین وەزارەتی پەروەردە بەردەوام باس لە (سیستێمی سویدی) دەکات وەک دەسکەوتێکی گرنگ بە چاوی خەڵکیدا دەداتەوە، لە کاتێکدا دەبوو کەسانی شارەزای بواری پەروەردە، کە شارەزای هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری وسیاسی کۆمەڵگەی کوردی بێت، سیستمێکی کوردی دابنێن، کە لە لایەک بۆ کۆمەڵگەی ئێمە گونجاو بێت و لە لایەکی تریشەوە توانای بەرهەمهێنانی مرۆڤی نوێی هەبێت. ئەگەر تەماشا بکەین یابانییەکان تا ئێستا کەسانی پسپۆڕی خۆیان کە شارەزایی تەواویان لە کۆمەڵگەی یابانی هەیە سیستێمی پەروەردە دادەنێن و بەڕێوەی دەبەن کە بووەتە هۆی دروستبوونی شوناسی مرۆڤی نوێی یابان، تا ئێرە باس، لەسەر پەروەردەی کوردستان بووە، بەڵام لە ئەورووپا، جیاوازی بەرچاو هەیە، بۆ نمونە، ئەگەر باس لە وڵاتانی ئەسکەندەناڤی بکەین، لەوێ مرۆڤەکان، کاتێک منداڵ دروست دەکەن، بە تەواوی خۆی بۆ پەروەردەکردن ئامادە کردووە و بەردەوام کۆرس دەبینێت و لەبارەی دەخوێنێتەوە، ئەمە چ جای ئەوەی لەوێ پەروەردە، هێندەی دایک وباب، ئەرکی دەوڵەت و کۆمەڵگەیشە، سیستێمی پەروەردەیشیان، بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت، تەنانەت زمانی خەڵکی پەروەردەکار، لەژێر چاودێری خەڵک و سیستێمە، بۆ نمونە وشەی (تەمەڵ) ، کە لێرە رۆژانە لەناو خێزان و قوتابخانەکان، دەیبیستین.

ئەوەى سایە کەریم دەیکات دەچیتە قاڵبى ئازادى تاکەکەسیەوە؟

دلێر سەلیم نوسەر بۆچوونى بەم جۆرەیە، ئەم پرسیارەت بۆ من گەلێک قورسە، وەک ئەو پرسیارە مێژووییەی دەبینم، کە ئایا سوکرات، کاتێک ژەهرەکەی خواردەوە، ئازادی خۆی مومارەسە کرد؟ لە کاتێکدا قوتابییەکانی دەرفەتی رزگاربوونیان بۆ رەخساندبوو، تا ئێستایش ئەو پرسیارە لەمەڕ سوکرات مشتومڕی لەسەرە، چەمکی ئازادی بۆخۆی، چەمکێکی ئاڵۆز و پڕ لە ئەشکالیاتە و ناکرێت بە (ئا) یان (نا) وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە بدرێنەوە، لێرەدا هەوڵ دەدەم بەپێی تێگەیشتنی خۆم بۆ (ئازادی) وەڵام بدەمەوە، بە بڕوای من ئازادی واتە(هەڵسوکەوتت، لەژێر کۆنترۆڵی ئەوانی دی ئازاد بکەیت) بە دیوێکی تردا واتە کەس بە زۆر هیچت پێ نەکات، ئەو خانمەیش لە وڵاتێکدا دەژی دەرفەتی بۆ هەڵبژاردنی کاری تر زۆرە، جا ئەگەر پێناسەکەی من بۆ ئازادی دروست بێت، ئەوا سەرەتا لەگەڵ ئەو خانمە پێویستمان بە قسەی زۆر و لێکۆڵینەوەی ورد هەیە ئینجا رەنگە بتوانین و بزانین، کە ئایا ئەو کارەی ئەو خانمە ئەنجامی دەدات، ئازادانە هەڵیبژاردووە یاخود نا، خاڵێکی تر کە لە باسی ئەم جۆرە کەیسانەدا لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکاند، ئامادەیی هەیە، مەسەلەی سنووری ئازادییە، بۆخۆم، ئەم بۆچوونە بە ناڕاست دەزانم بە بڕوای من گرنگیی ئازادی، لە تێکشکانی سنوورەکاندایە و ئەوەی ئازادی پێ دەناسرێتەوە، بەرپرسیارێتییە نەک سنوور، (زیبای ناوک) کە سیکسۆلۆژێکی ئێرانییە و لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی و لە بوارەکەی خۆیدا کار دەکات، جارێکیان سەبارەت بەو کەسانەی کە هاوسەرگیریان کردووە و لە دەرەوەی ئەو هاوسەرگیرییەیش، پەیوەندی سێکسییان هەیە، لە رای ئەویان پرسی ئەویش لە وەڵامدا وتی: ئەگەر هەر کەسێک پەیوەندییەکی لەو جۆرەی هەبێت، هیچ کێشەیەکی تێدا نییە، بە مەرجێک نەیشارێتەوە و لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار راستەوخۆ باسی لێوە بکات، واتە ئەگەر باسەکە وەک سنووری ئازادی تەماشا بکەین، ئەوا بە پەشیمانبوونەوە و گەڕانەوە بۆ ناو ئەو سنوورەی، کە کۆمەڵگە دیاری کردووە، کۆتایی پێ دێت وەلێ ئەگەر وەک بەرپرسیارێتی لێی بڕوانین ئەوا بە گەڕانەوە بۆ (خود) کۆتایی دێت بە بڕوای من، رای دووەم بۆ مەسەلەی (ئازادی) گونجاوترە". 

هەروەها خەندان جەزا – نوسەر و چالاکوان لە بارەى ئازادى لە کارەکەى سایە کەریم گووتى" سایە کەریم خۆى خاوەنى جەستەى خۆیەتى و ئازادانەى دەتوانێت هەست و بیرى بەکار بهێنێت بەڵام ئەمە ماناى ئەوە نیە کە پێشێلى ئازادى بەرامبەر بکات، بە نمونە کەسێک کە دەبێتە(داعش یان سەلەفى) ئێمە ناکرێت بڵێن ئەو ئازادە چى هەڵبژاردوە چونکە ئازارى کەسانى دیکە دەدات، لە کارەکەى سایە کەریم یشدا کێ ئازار دەچێژێت؟ زۆرن ئەو کەسانەى ئازار دەچێژن تەواوى کەسوکارى ، خانەوادەى، عەشیرەت، لەلایەکى دیکەشەوە سایەکەریم لەگەڵ ئەو پیاوانەى کە سێکس دەکات زۆربەیان هاوسەرگیریان کردوە کە زۆرینەیان ژنەکانیان ئازار دەچێژن کە مێردەکانیان تەماشاى ڤیدۆى سایەکەریم دەکات، بۆیە لە دیوێکەوە ئەوەى سایە دەیکات ئازادى نیە چونکە پێشلى ئازادى کەسانى دیکە دەکات و ئازاریان دەدات"

له‌ كۆتاییدا هەریەک لەو کەسایەتیانەى کە لەم بەدواداچونە ڕۆژنامەوانیەدا بۆچوونیان هەبووە پەیامێکیان بۆ سایە کەریم ناردەوە.

دارا ئەنوەر زۆراب – کۆمەڵناس دەڵێت" لە کۆتایشدا دەکرێت سایە کەریم بکرێتە ئەندامی فەخری پەرلەمانی کوردستان، چونکە بە دیدگای من شوێنی شایستەی سایه پەرلەمانە".

د.بەسمە محەمەد – کۆمسیار لە کۆمسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤى عێراقى پایمى بەم جۆرە بۆ سایە کەریم نارد" وەکو دایکێک یان بەرپرسێکى مافى مرۆڤى عێراقى پەیامم بۆ سایە کەریم ئەوەیە، سایە تۆ وەکو کچێکى کورد خۆت ناساندوە دەبى بزانیت کە لێرە یاسامان هەیە شێلتەر هەیە ئەوەى تۆ دەیکەیت پێشێلکارى یاسایە، ئەوەشمان بیرە کە تۆ کچى ئێمەى باوەشمان کراوەیە بۆ هەر یارمەتیدانێک کە داواى بکەیت بە مەرجێک هەوڵبدات ئەو کارەى هەڵبژاردەوە لێى دوور بکەوێتەوە چونکە هیچ کاتێک درەنگ نیە هەر کاتێک تۆ بتەوێت دەتوانى بگەڕێتەوە نێو کۆمەڵگا چونکە من دڵنیام ئەمڕۆ یان سبەى لەو کارە پەشیمان دەبیتەوە".

د.نگین جەعفەر- پزیشکى پسپۆری نەخۆشیەکانى ژنان ئەویش پەیامێکى بۆ سایە کەریم نارد" من خۆم بخەمە شوێنى دکتۆرى سایە کەریم یان ئەگەر ببێت بە نەخۆشى من و بزانم کارى پۆڕن دەکات پێى دەڵێم"کارەکەت هەڵەیە چونکە زیانى هەیە بۆت هەوڵ بدە بخەوێنە ڕێنوێنیت دەکەم هەرگیز لەگەڵ سزادانتدانیم ووشەى ناشرینى وەکو لەشفرۆش ،بۆگەن یان زیندانى بکرێیت، چونکە هیچ مرۆڤێک بە کەلەبچەو زیندان و ووشەى نەشیاو لێدان چاکسازى تیدا ناکرێت".

دلێر سەلیم – نوسەر، ئەو پێى وایە کە پەیام ناردن کارى خواوەندە نەک مرۆڤەکان".

خەندان جەزا- چالاکوان و نوسەر پێى وایە پەییام نارد هێشتا زووە بۆ سایە کەریم کرد و گوتى" من هیچ پەیامێکم بۆ سایە کەریم نیە هەر کامێکمان پەییام بدەین زۆر زووە چونکە ئێمە دەبێت خوێندنەوە بۆ سات و کاتەکان بکەین چ وەک تەمەن چ ئەزموون چ وەک ئەو دۆخەى ئێستا تێى کەوتوە کە هیچ مەسج و پەیامێک وەرناگرێت وە مافى خۆشیەتى چونکە لە دۆخێکى ناجێگیردایە ئەوانى پەیام بۆ سایە دەنێرن دوو گرووپن، گروپێک هانى دەدات کە بەردەوام بێت لە کارەکەى ،گرپى دوومیش داوا دەکات وازبهێنێت بۆیە من دەڵێم، لێ گەڕێن سایە کەریم بە ئەزموونەکاندا تێپەڕێت، ئێمە کێن تاوەکو بڕیار بدەین لە ژیانى تاکێکدا،بەڵام لە هەرکاتێک سایە داواى داواى یارمەتى و هاوکار یان کۆمەکى کرد ئەوا ئێمە هەین بە سایە دەڵێم"سایە گیان خۆشم دەوێیت تۆ مرۆڤێکى جوانى کارەکەت لە یدى منەوە عەزیەتت دەکات دواڕۆژت لێ ناخۆش دەکات".

سامان سەنگاوى – مامۆستاى ئاینى پەیامى بۆ سایە کەریم نارد گووتى"" هێشتا کات ماوە بۆ ئەوەى لە کارەکەت پەشیمان بیتەوە تۆ کچێکى گەنجى دەکرێت بتوانیت دەست بە ژیانێکى نوێ بکەیت، هەوڵبدە خێزانێک پێکەوە بنێ و ئەگەر کرا ش هاوسەر گیرى بکە چونکە لەو تەنیایە ڕزگارت دەبێت و ئەو کارەى ئێستات هیچ داهاتوویەکى نیە"

 ئاراستەى بیرکردنەوەکان لەم  بەدواداچونە ڕۆژنامەوانیەدا یەکسان نیە و بۆچوونەکان لە بارەى سایە کەریم جیاوازە بەشێک پێوایە کارەکەى سایە کەریم دژایەتى کردنى کلتور و ئاین و کۆمەڵگاو نەریتەکانە ، بە هێنانەوەى بەڵگەى مێژووى ئەوە لێکدەدەنەوە کە پێدەچێت لە داهاتوودا لە نێو کۆمەڵگاى کوردى نمونەى سایە کەریم زۆر ببێتو شانازى پێوە بکرێت.

ئاراستیەکى دیکەش بەو جۆرەیە کە کارەکەى سایە کەریم کارێکى قێزەونە و بەدڕەوشتیە و هاوشێویەى بۆمبێکى ئەتۆمیە و ئەگەر بەرى پێى نەگیرێت ڕەنگە لە داهاتوودا بتەقێتەوە و پرییشکى بەر زۆربەى هێزانى کورد بکەوێت.

2020-01-18
زیاتر...
123