هەواڵ

گروپێكی نوێ لەناو یەكێتی سەرهەڵدەدات

ئاژانسی نها..

لە ئێستادا ژمارەیەك سەركردایەتی یەكێتی جیاواز لە ماڵی تاڵەبانی و كوتلەكەی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، پڕۆژەیەكیان بۆ پاراستنی چەپكە گوڵەكەی مام جەلال ئامادە كردووە بەڵام تا ئێستا لەلایەن هیچ لایەنێكیانەوە بانگهێشت نەكراون.

سەرچاوەیەك لەناو سەركردایەتی یەكێتی بۆ ئاژانسی نها ئاماژەی بەوەكرد "لەئێستادا هەریەك لە سامان گەرمیانی و جوان ئیحسان و فەرید ئەسەسەرد و هەروەها هەرێم كەمال ئاغا، نەسرولڵا سورچی و وەستا رەسوڵ  و سیروانی كوێخا نەجم، ئارێز عەبدوڵڵا و ئاسۆس عەلی و رەهبەری سەید برایم و شێركۆ میروەیس و ژمارەیەك سەركردایەتی تر" پێكهاتوون، دەیانەوێت یەكێتی بە ئاڕاستەی چەپكە گوڵەكەی مام جەلال ببەن، بەڵام تا ئێستا هیچ باڵێكی یەكێتی بانگهێشتیان نەكردوون و گوێیان لێ نەگرتوون".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد "ئەم گروپە وەك دەڵێن سامان گەرمیانی بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەگەرمیان و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی سەرپەرشتیان دەكات، هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەیە ئەم گروپە 15 كەسییە سەر بە باڵی دەباشان بن و لە بافڵ و قوباد تاڵەبانییەوە زۆر نزیكن، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی لەگەڵیان كۆنەبوونەتەوە و هیچ پرسێكیان لەوبارەیەوە لەگەڵیان نەكردووە".

ئەو سەرچاوە تایبەتەی ئاژانسی نها جەختیشی كردەوە "ئەگەر لەلایەن ماڵی تاڵەبانییەوە پشتگیری نەكرێن،رەنگە وەك باڵێكی نوێ لەناو كۆنگرە كار بۆ خۆیان بكەن،چونكە هیچ كام لەو سەركردایەتییانە ژمارەیەكی كەم نین و زیاتر لەخۆیان لایەنگیرییان هەیە لەناو كادیری یەكێتییدا".
2019-10-09
زیاتر...