هەواڵ

وته‌بێژی وەبەرھێنانی کوردستان: ٢٠ ملیار دۆلاری خەوتووی سەرمایەدارانی ھەرێم زەکاتی لێدەکەوێت

ئاژانسی نها..

وتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، لە بارەی بڕی زەکاتی سەر سەرمایەی سەرمایەدارانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەشی زۆری بەرپرس و سەرمایەدارەکانی ھەرێمی کوردستان خۆیان لە بەخشین و دەکردنی زەکات لە سەرمایەکانیان دەدزنەوە و ھاوکاری کەسانی ھەژار و خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆش ناکەن.

یاسین مەحمود وته‌بێژی وەبەرھێنانی کوردستان، ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە ئاستی دارایی سەرمایەدارانی ھەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی گەورەی بەخۆوە بینی و تا ساڵی ٢٠١٣ ژمارەکان زۆر دەگۆڕا و زۆر شتی سەیر و سەمەرەش لە دروستبوونی سەرمایەداری ملیۆنێر روویدا کە ھەندێک کۆمپانیا سەرمایەکانیان گەیشتە سەروو یەک ملیار دۆلار، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٣ و سەرھەڵدانی قەیرانەکان بەشێک لە سەرمایەدار و کۆمپانیاکان بە ئەندازەیەکی چاوەڕوان نەکراو مایەپووچ بوون".

ئاماژەی بەوەکرد، لە ھەرێمی کوردستان سەرمایەی خەوتوو کە پێویستە زەکاتی لێدەربکرێت لە سەروو ٢٠ ملیار دۆلارەوەیە کە ئەو پارەیە لە لای سەرمایەدار و دەوڵەمەند و حزبەکانە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە ساڵانی رابردووش لە ھەرێمی کوردستان بیندراوە زەکاتی دوو ملیار دۆلاریش نادرێت، بەو پێیەش لەسەدا ٩٠ی سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکانی کوردستان زەکات لە سەرمایەکانیان بەپێی پێویست دەرناکەن".
 
گوتەبێژی وەبەرھێنەرانی کوردستان باس لەوەش دەکات کە لە کۆی ئەو دەوڵەمەند و وەبەرھێنەرانەی لە لای رێکخراوەکەیان تۆمارکراوە رێژەیەکی زۆر کەمیان زەکات لە سەرمایەکانیان دەردەکەن کە ئەوەش ناگاتە لەسەدا ٧ بۆ ٨ی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان لە کاتێکدا لە بەشێک لە وڵاتانی دیکی ئیسلامی سەرمایەداران لە کاتی وەرگرتنی ھەر پڕۆژەیەکدا ناچار دەکەن بە ئاشکراکردنی لیستی دەرکردنی زەکات لە سەرمایەکانیان.

وتیشی، ئەگەر بە شێوەیەکی رێکوپێک و تەنھا لەسەدا ٧٠ی زەکاتی سەرمایەدارەکان بدرێت لە ھەرێمی کوردستان، ئەوا ساڵانە بوودجەی زەکات لە ھەرێم دەگاتە زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار، ئەوەش بوودجەیەکی گەورەیە و خزمەتی گەورە بە کەسانی ھەژار و کەمدەرامەت و نەخۆش دەکات".

بە گوتەی گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، رێژەی ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان زیاترە لەو رێژەیەی بڵاودەکرێتەوە و دەگاتە لەسەدا ٢٠ی دانیشتووان، ھەروەھا بەشێکی زۆری خەڵک پێویستی زۆری بە ھاوکاری ھەیە تاوەکو جەژن بکاتەوە.

لیژنەی باڵای فەتوا لە ھەرێمی کوردستان بڕی زەکاتی وا دیاری کردووە کە ھەر کەسێک بڕی دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دیناری ھەبێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبووبێت ئەوا لە ھەر یەک ملیۆن دینار ٢٥ ھەزار دینار زەکاتی دەکەوێت.
2019-05-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.