ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق: ناجێگیری بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بازاڕی ئازاددا کاتییە
نهانیوز-هەوڵەکان
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی ڕایگەیاند، ناجێگیری بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بازاڕی ئازاددا “کاتییە” و گوزارشت لە کێشەیەکی بنەڕەتی لە ئابووریی وڵاتدا ناکات. دەشڵێت، ئەم پەرچەکردارەی بازاڕ دوای بڕیارەکانی حکومەت بۆ ڕێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و چاکسازیی لە سیستەمی باج و گومرگدا هاتووەتە ئاراوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بەزربوونەوە و نزمبوونەوەیە نابێتە هۆی گرانبوونی کاڵاکان، چونکە ئاستی هەڵاوسان لە عێراقدا لە خوار 2.5% ماوەتەوە.
بەوتەی ڕاوێژکارەکەی سودانی، سێ هۆکاری سەرەکی سەقامگیریی نرخەکانیان پاراستووە؛ یەکەمیان جێگیرکردنی بەهای فەرمی دۆلارە بە 1320 دینار، دووەمیان پاڵپشتیی دارایی حکومەتە کە نزیکەی 13%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنێت بۆ پاراستنی کاڵا بنەڕەتییەکان، سێیەمیشیان کاراکردنی “هایپەرمارکێتەکانە” وەک ڕکابەرێکی بەهێز بۆ جێگیرکردنی نرخەکان.
ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی باسی لەوەشکردووە، بازاڕی ئازاد بە تەواوی لە ئاستی داهات و بەکاربردنی ڕۆژانەی خەڵک جیا بووەتەوە. ئێستا کاریگەریی ئەو بازاڕە تەنیا لە کڕین و فرۆشتنی موڵک و سەرمایە گەورەکاندا ماوەتەوە، کە ئەوانیش ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سەقامگیریی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانەوە نییە.
ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە کە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 100 دۆلاری ئەمریکی بە 145 هەزار دینارە و لە چاو پێشتردا بەهاکەی بەرزبووەوەتەوە.
|