سەرۆکوەزیرانی عێراق: کورتهێنانی دارایی چارەسەر دەکەین
نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، ڕێژەی کورتهێنانی دارایی لە حکومەتی فیدراڵیدا کاریگەریی لەسەر سەرجەم کەرتەکانی دەوڵەتی عێراق داناوە. بەڵام جەختی کردەوە کە چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەیە، تەنیا پێویستی بە "کات، سەبر و لێکتێگەیشتن"ـە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکدا لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەی ئاوی "شەهید فەوزی فەخری بەلەداوی" لە قەزای بەلەد، سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، ڕایگەیاند: "ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان دەبینەوە و لە پێش هەموویانەوە ئاستەنگی دارایی. هیوادارین ناچار نەبین بگەیینە قۆناغی وەستان و دواخستن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان."
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا، "هەموو کۆمپانیا و بەڵێندەرانی کەرتی تایبەت جێگەی پشتگیری و هاوکاریمانن". بەڵام داوای لێکردن کە لەگەڵ ئەم بارودۆخە خۆیان بگونجێنن، چونکە کورتهێنانی دارایی کاریگەریی لەسەر هەموو کەرتەکانی دەوڵەت داناوە. جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە چارەسەرەکان پێویستیان بە کات و لێکتێگەیشتن و سەبر هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.
|