ئەمریکا گورزێکی کوشندە لە ئێران دەدات
نهانیوز-هەواڵەکان
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئۆیڵ پرایس)ـی ئەمریکی، بڕینی گازی ئێران نابێتە ئاستەنگ بۆ کارەبای عێراق، چونکە بەغدا بەرەو قۆناغی خۆبژێوی هەنگاو دەنێت و جێگرەوەی ستراتیژی ئامادە کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، تۆڕی ئۆیڵ پرایسی ئەمریکی ڕاپۆرتیکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیاری ئێران بۆ بڕینی گازی وێستگەکانی کارەبای عێراق، هەرچەندە وەک هەنگاوێکی کتوپڕ دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی پلانێکی داڕێژراو و گوشاری ئەمریکا و دۆزینەوەی جێگرەوەی ئێرانە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، واشنتن بەغدای ناچار کردووە پشتبەستن بە ئێران کۆتایی پێ بهێنێت، عێراقیش وەک وەڵامێک ئێستا دەستی کردووە بە بەکارهێنانی سووتەمەنی ناوخۆیی بۆ وێستگەکانی کارەبا، بۆ قۆناغی داهاتووش پەنای بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بردووە، لەوانە:
1. کۆمپانیای BP: واژۆکردنی گرێبەستێکی 25 ملیار دۆلاری بۆ گەشەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووک.
2. کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیز: پڕۆژەی سوودوەرگرتن لە "گازی هاوەڵ" لە باشووری عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، هەرچەندە ئەم پڕۆژانە بەتەنیا هەموو پێداویستییەکانی وزەی کارەبا پڕ ناکەنەوە، بەڵام پەیامێکی ڕوونن بۆ واشنتن و تاران کە گازی ئێران چیتر هیچ گرنگییەکی لە کەرتی وزەی عێراقدا نەماوە و هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق جارێکی دیکە دەست پێ ناکاتەوە.
|