عێڕاق

ئەمریکا هۆشداری کۆتایی بە عێراق دەدات

نهانیوز-هەواڵەکان

ئەمریکا هۆشداریی داوە لەوەی کە نابێت بەهیچ شێوەیەک سەرۆکوەزیرانی داهاتوو لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کۆنترۆڵ بکرێت یان نزیک بێت لێیانەوە.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکی نوێدا پەردە لەسەر مەرجە توندەکانی کۆشکی سپی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق هەڵدەداتەوە. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە دوو بەرپرسی باڵای سیاسیی عێراق کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، پەیامی ئەمریکا ڕوونە و هۆشدارییان داوە لە هەڵبژاردنی هەر بەربژێرێک کە سەر بە گرووپە چەکدارەکان بێت. یەکێکی دیکە لە مەرجەکان ئەوەیە سەرۆکوەزیرانی نوێ نابێت ڕێگە بدات گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵی وەزارەتە سیادییەکان بکەن یان پۆستە ئەمنییە هەستیارەکان بگرنەدەست.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە ئاڵنگارییە گەورەکانی بەردەم حکومەتی نوێ دەکات؛ لەلایەک قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر عێراق کە 90 تریلیۆن دینار (69 ملیار دۆلار)ـی تێپەڕاندووە و پشتبەستنی 90%ی ئابووری بە نەوت، لەلایەکی دیکەشەوە دۆسیەی هێزەکانی "حەشدی شەعبی"ـیە. بەگوێرەی واشنتن پۆست، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2016ـەوە حەشد بە فەرمی خراوەتە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق، بەڵام بە کردەوە تاوەکو ئێستاش بە سەربەخۆیی کار دەکەن و بەشێک لە گرووپەکان لە سێبەریدا خۆیان حەشار داوە.

ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات کە پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران بووەتە گۆڕەپانی ململانێیەکی توند لەنێوان تاران و واشنتن. لەکاتێکدا ئەمریکا ڕژدە لەسەر چەکداماڵینی گرووپەکانی نزیک لە ئێران و دوورخستنەوەیان لە دەسەڵات، لە بەرامبەردا ئێران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسیی عێراقدا.

 
6کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.