عێڕاق

دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی پەسەند کرد

نهانیوز-هەواڵەکان

دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد و رایگەیاند کە مەرجە دەستووری و یاساییەکان جێبەجێ کراوە.

یەکشەممە 14ی کانوونی یەکەم دادگای باڵای فیدڕاڵی، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "دادگاکە لەکاتی پێداچوونەوە و وردبوونەوەدا، بۆی دەرکەوت کە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (خولی شەشەمی هەڵبژاردن) مەرجە دەستوری و یاساییەکانی خۆی جێبەجێکردووە".

روونیشیكردەوە، "بەو پێیەی هیچ شتێک نییە ئەنجامەكان پووچەڵ بکاتەوە و بە پشتبەستن بە بڕگەی (حەوتەم)ی ماددەی (93)ی دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025/ خولی شەشەمی هەڵبژاردن بۆ ئەو براوانەی کە ناوەکانیان لە لیستی هاوپێچکراوی نووسراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا ئاماژەی پێکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەروەها دادگا بڕیاریدا هەرسێ دەسەڵاتەکە ئاگاداربکاتەوە لە بڕیاری پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەکان بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025، کە لەم دانیشتنەدا بڕیاری لەسەردرا".

 
2025-12-14
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.