عێڕاق

کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام درا

نهانیوز-هەواڵەکان

سەرۆک کۆماری عێراق و ئێران  کۆبوونەوە و جەختیان لە بەشداریی کارای دوو وڵات کردەوە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا.

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ هەینی لە شوێنی مانەوەی خۆی لە عیشق ئابادی پایتەختی تورکمانستان، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی کارەکانی "کۆڕبەندی گشتیی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و متمانە"دا.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و قووڵایی سیاسی و ستراتیژیی ئەو پەیوەندییانە، هەروەها جەختکرایەوە، لەسەر پێویستیی برەودان بە پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاریکاری بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دراوسێدا بێت و هەردوو وڵات بتوانن بەشداریی کارا بکەن لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار روونیکردەوە هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان هەردوو وڵاتدا فاکتەرێکی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەرێمییەکان، هاوکات جەختی لە رەتکردنەوەی رەهای عیراق کردەوە بۆ هەر جۆرە دەستدرێژی یان پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی وڵاتان. 

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە کۆمەڵێک دۆسیەی هەرێمی و نێودەوڵەتی و لە سەرووی هەموویانەوە رەوشی غەززە کرا، کە تێیدا دید و بۆچوونەکان هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پێدانی مافە رەواکانی گەلی فەلەستین لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، هەروەها پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ کۆتاییهێنان بە مەینەتییەکانی ئەو گەلە.

هەروەها سەرۆک کۆمار جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عیراق کردەوە لە پشتیوانیکردنی رێبازی ئاشتی و گفتوگۆ وەک باشترین بژاردە بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، لەگەڵ پشتیوانیکردن لە هەر دەستپێشخەرییەکی هەرێمی یان نێودەوڵەتی کە سەقامگیریی ناوچەکە بەهێز بکات و رێگری لەوە بکات ناوچەکە بەرەو گرژیی زیاتر بڕوات.

 
22کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.