وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
کۆبوونەوی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و تورکیا لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و ڕێگەکانی گەیشتن بە ڕێکەوتێکی نوێ تاوتوێ کرا.
سێشەممە 18ی تشرینی دوەم وەزارەتی نەوتی عیراق بڵاویکردوەتەوە، لە ئەنکەرە کۆبونەوە لە نێوان وەزارەتی نەوتی عیراق و وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا ئەنجامدرا و گفتوگۆ کرا لەبارەی گەیشتن بە رێککەوتنی نوێ بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە رێگەی بۆرییەکانی تورکیاوە.
وەزارەتەکە کەشی کۆبونەوەکەی بە ئەرێنی وەسف کرد و رایگەیاندوە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی فراوان لەبارەی رەشنوسی پێشنیازکراوی رێککەوتنەکە و رێگاکانی پەرەپێدانی هاوکاری لە پرۆژە جیاوازەکانی کەرتی وزە لە نێوان هەردوو وڵاتدا کراوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت(سۆمۆ) و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باکوور و بەڕێوەبەرانی گشتی بەشەکانی توێژینەوە و پلاندانان و بەدواداچوون و وردبینی ناوخۆیی و یاسایی و ئابووری لە بارەگای وەزارەت ئامادەبوون.
بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە دوو لایەن گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی گرنگ بۆ داڕشتنەوەی رێکەوتنێکی نوێ کە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت، بە جۆرێک بەردەوامیی پرۆسەی گواستنەوە و گەیشتن بە بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکان مسۆگەر بکات.
|