وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزارەتی دارایی عێراق ڕا پۆرتی خەرجی و داهاتەکانی هەشت مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، قەبارەی کورتهێنان 13 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندوە، پسپۆڕێکی ئابوریش هۆشداری لە دۆخی ئابووری عێراق دەدات .
وەزارەتی دارایی عێراق لەڕاپۆرتێكدا خەرجی و داهاتی هەشت مانگی ڕابردوی ئەمساڵی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتوە، کۆی خەرجییەکانی عێراق لەماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا گەیشتوەتە 87 ترلیۆن و 478 ملیار دیناری عێراقی، لەکاتێکدا کە داهاتی ئەو هەشت مانگە 73 ترلیۆن و 821 ملیار دینار بوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، داهاتی نانەوتی عێراق لەهەشت مانگدا تەنیا هەشت ترلیۆن و 555 ملیار دینار بووە، واتە داهاتی نانەوتی تەنیا %10ی کۆی داهاتەکانی عێراقی پێکهێناوە.
دەشڵێت،" خەرجی وەبەرهێنان لەناو کۆی خەرجییەکاندا تەنیا 13 ترلیۆن و 828 ملیار دینار بوە، بەڵام زیاتر لە 70 ترلیۆن دیناری بۆ موچەی فەرمانبەر خانەنشینان و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی بوە".
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەكە دا هاتوە، لەماوەی ئەو هەشت مانگەدا پێنج ترلیۆن و 467 ملیار دینار بۆ موچەی هەرێمی کوردستان نێردراوە.
پێشتریش، مەنارعوبەیدی پسپۆڕی ئابوری رایگەیاندبوو ، بانکی ناوەندیی عێراق نزیکەی 11 ملیار دۆلاری لەیەدەگی نەختینەی بیانییەکەیدا بەکارهێناوە بۆ دابینکردنی خواستی زۆر لەسەر دۆلار.
|