کۆمیسیۆن وادەی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی راگەیاند
نهانیوز-هەواڵەکان
وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند" پێدەچێت ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامە کۆتاییەکان رابگەیەنرێن"، دەشڵێت"نووسینگەی پارێزگاکان دەستیانکردووە بە پێدانی شریتی ئەنجامەکان بە هاوپەیمانێتی، حزب و کاندیدەکان."
یەکشەممە 16ی تشرینی دوەم جوممانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ کۆمسیۆن دەستدەکات بە پرۆسەی دابەشکردنی کورسییەکان، لەگەڵ کورسییەکانی کۆتای ژنان و کەمینەکان.
غەلای جەختیکردەوە کە پێدەچێت ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامە کۆتاییەکان رابگەیەنرێن، وتیشی، "نووسینگەی پارێزگاکان دەستیانکردووە بە پێدانی شریتی ئەنجامەکان بە هاوپەیمانێتی، حزب و کاندیدەکان."
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران، دەرگای تانەدان بۆ ماوەی سێ رۆژ دەکرێتەوە، کە لە رۆژی دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان لە ماڵپەڕی رەسمیی کۆمسیۆنەوە دەستپێدەکات.
|