ئەمرۆ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت
نها نیوز- هەواڵەکان
بە پێ پلانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمرۆ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی رادەگەیەندرێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە ڕۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەت گەیشتووەتە نزیکەی 12,003,143 دەنگدەر، لە کۆی 21,404,291 دەنگدەر، بەم پێیەش ڕێژەی دەنگدان لە 55٪ تێپەڕ دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوی کردەوە، دوای گەیشتنی ئەنجامی 99.7٪ی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ژمارەی دەنگدەران لە دەنگدانی گشتیدا گەیشتووەتە 10,898,327 دەنگدەر، لە کۆی 20,063,773 دەنگدەر، بەمەش ڕێژەی دەنگدان زیاتر لە 54٪ دەبێت.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو لە ژمارەی دەنگدەران لە دەنگدانی تایبەت کە ڕۆژی 9ی مانگ بەڕێوەچوو، گەیشتووەتە 1,084,289 دەنگدەر، لە کۆی 1,313,980 دەنگدەر، بەمەش ڕێژەی دەنگدان 82.5% بووە بۆ سەرجەم وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت.
دەشڵێت " ژمارەی رێژەی دەنگدانی ئاوارەکان 77% بووە بۆ سەرجەم وێستگەکان."
لەباری وادەی راگەیاندنی ئەنجامەکان لە لایەن کۆمیسیۆنەوە، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەمرۆ (چوارشەممە) ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕادەگەیەندرێت.
|