وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت ئاشكراكرا
نها نیوز – هەواڵەکان
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، دوای 24 کاتژمێر لە کۆتاییهاتنی دەنگدان ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت ڕادەگەیەنرێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق سەبارەت بە وادەى ڕاگەیاندنى ئەنجامى دەنگدانى تایبەت لەمیانی راگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەنجامی دەنگدانی تایبەت دوای 24 کاتژمێر لە کۆتاییهاتنی دەنگدان ڕادەگەیەنرێت، هەروەها ژمارەی دەنگدەرانی وەزارەتی بەرگری زیاتر لە 298 هەزار کەسن".
غەلای وتیشی "هێزەکانی حەشدى شەعبی، ژمارەی دەنگدەرانیان دەگاتە 128 هەزار کەس و هەروەها ژمارەی دەنگدەرانی هێزەکانی دژە تیرۆر زیاتر لە 18 هەزار کەسن".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامێری دەنگدان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانی كەوتە كار و لە کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە لەكاردەكەوێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ بە بەشداریی ملیۆنێک و 340 هەزار و 518 دەنگدەری هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد، پرۆسەی هەڵبژاردن تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
|