بەرپرسێکی ئەمریکی بە نهێنی گەیشتە بەغدا
نهانیوز-هەواڵەکان
نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق بە نهێنی دەگاتە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییە دیارەکانی عێراق دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی حوسام حاجی، ڕۆژنامەنووسی نزیک لە حزبە سیاسییەکان، ڕۆژی چوارشەممە (29ی تشرینی یەکەمی 2025) ئاشکرای کرد، کە مارک ساڤایا، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوو ڕۆژ پێش ئێستا بە نهێنی گەیشتووەتە بەغدا.
بەپێی زانیارییەکانی حاجی، ساڤایا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نهێنی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی فراکسیۆنە سیاسییەکان ئەنجامداوە و کۆبوونەوەکان دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بوون و سروشتێکی سیاسیی هەستیاریان هەبووە، تێیدا ستراتیژیی داهاتووی ئەمریکا لە عێراق و دۆسییەکانی پەیوەست بە بوونی ئەمریکا، هەڵبژاردنەکان و هاوپەیمانێتییە هەرێمییەکان تاوتوێ کراون.
تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا یان حکومەتی عێراقەوە سەردانی ساڤایا بۆ عێراق یان وردەکاریی کۆبوونەوەکان پشتڕاست نەکراوەتەوە.
|