عێڕاق

هەڕەشە گەورەکەی ئەمریکا لەسەر عێراق ئاشکرابوو

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڕەشەیەکی مەترسیداری ئەمریکا ئاشکرا دەکات کە چۆن لەسەر حەشدی شەعبی فشاریان لێکردوون و دەڵێت "ئەمەریکا لەبارەی یاسای حەشدی شەعبییەوە بە کەمپی هۆل هەڕەشەی لێکردین".

مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا وتی "ئیسرائیل هەوڵیدا عێراق بۆردومان بکات، بەڵام ئەمەریکییەکان نەیانهێشت".

مەشهەدانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکییەکان داوایانکردووە یاسای حەشدی شەعبی تێنەپەڕێندرێت، بەوهۆیەوە فشاری خستە سەر سەرکردە سیاسی و ئایینییە شیعەکان بۆ ئەوەی یاساکە دەرنەکەن.

سەرۆکی پەرلەمان خاڵە کێشە لەسەرە باس دەکات و دەڵێت "ئەمەریکییەکان هەڕەشەی هەڵگرتنی پاراستنی سیاسی و ئەمنییان کرد، هەتا گەیشتە ئەوەی بە کەمپی هۆلیش هەڕەشەیان لێکردین"، دەشلێت "دەکرا یاسای هێزەکانی حەشدی شەعبی دەربکرێت، بەڵام هێزە شیعەکان ڕازیکران ئەو کارە نەکەن".

بەوتەی مەحمود مەشهەدانی "داگیرکار، عەرەبی بەسەر شیعە و سوننەدا دابەشکرد، ئەمە بۆ خزمەتی پرۆژەی ئیسرائیل بوو، هەروەها پارتە ئایدیۆلۆژییەکان ناتوانن هیچ شتێک پێشکەش بکەن".

باسی لەوەشکرد، عێراق ناتوانێت سەقامگیریی دەستەبەربکات، تاوەکو بەغدا لە وڵاتی پێکهاتەکان نەگۆڕێت بۆ وڵاتی هاوڵاتییبوون.

"بونیاتنانی دەوڵەت پێویستی بە لێهاتوویی هەیە، دەبوو لە ساڵی 2006ەوە ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەت دەستی پێبکردایە، وە 80%ـی خەڵک لە سیاسەت توڕەن، واتە بەهرەمەند و بە تواناکان لەنێو ئەو 80%یەدان کە بایکۆتی دەنگدانیان کردووە". سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وا دەڵێ

 
2025-10-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.